كەشناسی: شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین ڕوو لە تەواوی عێراق دەکات

دەستەی کەشوهەوای عێراق رایگەیاند، سبەی هەینی شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین روو لە تەواوی عێراق دەکات و کاریگەرییەکەی بۆ رۆژی شەممەش بەردەوامی دەبێت و ئاستی با چالاک دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دەستەی کەشناسی عێراق، سبەی هەینی پلەکانی گەرما هاوشێوەی رۆژانی رابردوو دەمێنێتەوە و لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق با بە ئاڕاستەی رۆژئاوا دەبێت و خێراییەکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ کیلۆمەتردا دەبێت لە هەر کاتژمێرێکدا و دوای نیوەڕۆش دەگاتە ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێردا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی چالاکی با وە ئاستی خۆڵبارین بەرزدەبێتەوە و مەودای بینین کەم دەبێتەوە لە هەشت بۆ ١٠ کیلۆمەترەوە بۆ دوو بۆ چوار کیلۆمەتر.

لەبارەی کەشوهەوای هەرێمیشەوە باسی لەوەکردووە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی خۆڵبارینەکە کەمترە بەراورد بەناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق و مەودای بینین لە نێوان شەش بۆ هەشت کیلۆمەتردا دەبێت و خێرایی با لێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا.

پەیوەندیدار