لێخۆشبوونی قەرزەكانی ئاو كۆتایی دێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە لەوەی، 20ی ئەیلولی 2022 كاركردن بە بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو كۆتایی دێت.
وەزارەتی شارەوانی لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ماوەی رابردودا حكومەتی هەرێم لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و بە تایبەتی ئەو هاوبەشانەی ئاو كە قەرزی حكومەتیان لایە، بڕیاریدا بە رێژەی 15% داشكاندن بۆ قەرزی كرێی ئاو بكرێت و هاوڵاتیانیش بەشێوەیەكی بەرچاو پێشوازیان لە بڕیارەكەی حكومەت كرد.
هەر بەپێی رونكرنەوەكە، ئێستاش كاركردن بە بڕیارەكە بەردەوامە، بەڵام 20ی 9ی 2022 دوا وادەی كاركردن و سودمەندبوونە لە لێخۆشبوون.
وەزارەتەكە رونیشیكردووەتەوە، بۆیە پێویستە هاوبەشانی ئاو كە خوازیاری سودمەندبوونن لە نزیكترین كاتدا سەردانی بنكە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سودمەندبوون بكەن، ئەگینا دوای وادەی دیاریكراو بڕیارەكە بە هیچ شێوەیەك درێژ ناكرێتەوە.

پەیوەندیدار