– كوژرانی زەواهیری ..بەڵگەیەكی ترە بۆ شكستەكانی رێكخراوی ئەلقاعیدە
– جێگیر بون و مانەوەی ئەیمەن زەواهیری لە كابۆلی پایتەخت – ی ئەفغانستان رێگای خۆشكرد بۆ خۆشگوزەرانی زیاتر و ژیانێكی نوێ ،هاوكات بۆ دۆزینەوەی و دواتر كوشتنیشی .
– دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی چۆن گەیشتن بەشوێنەكەی و كردیانە ئامانج.
– رێكخراوی ئەلقاعیدە چاویان لەوە بوو كە مانەوەیان لەئەفغانستان ببێتە هۆكارێك بۆ هەناسە هەڵمژینێك و سەرلەنوێ خۆ رێكخستنەوە .
لەكۆتاییدا ئەمەریكیەكان دوابەشی چیرۆكی ئەیمەن زەواهیری – سەركردەی رێكخراوی ئەلقاعیدەیان نوسیەوەو ،توانیان لەرێگەی فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوان – وە ماڵەكەی بكەنە ئامانج لەگەڕەكی ( شەرپور ) لەچەقی پایتەختی ئەفغانستاندا ،ئەو گەڕەكەش بەگەڕكی دیبلۆماتكارەكان ناسراوە ، ئەو جێگایەی ماڵی ئەوی لێبوو نزیكە لەكۆشكی سەرۆكایەتی ئەفغان و بارەگای سەفارەتی بەریتانیا .
سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن لەوتەیەكیدا ووتی : دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی لەمساڵدا بەردەوام چاودێری ئەیمەن زەواهیری كردووە بەتایبەتی لەو كاتەوەی گەیشتۆتە كابۆل.
ئەمە لەكاتێكدایە كەسەرچاوەیەكی حكومەتی ئەفغانی ئاماژەی بەوە كردووە كەخانەوادەكەی زەواهیری پاش سێ مانگ لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەوڵاتەكەیان گەیشتونەتە ئەفغانستان ،وەك دەزانن كەئەمەریكیەكان لە ئابی (2021 ) دا ئەو وڵاتەیان بەجێهیشت.
هەر بەگەیشتنی خانەوادەكەی زەواهیری لەلایەن تاڵیبانەوە خانویەكیان پێدان ،كەپێشتر دوان لەگەورە یاریدە دەرانی ( ئەشرەف غەنی ) سەرۆكی پێشوی وڵات تیایدا ژیابون،دواتریش ئەیمەن – سەرۆكی ئەلقاعیدە هاتە لایان،دوای ئەوەش گواستیانەوە بۆ ئەو خانوەی كەتیایدا كوژرا.
هەموو ئەمانە بەئاگاداری و هاوكاری وەزیری ناوخۆی ئەفغان ( سیراجەدین حەققانی ) سەرۆكی تۆڕی حەققانی سەر بەتاڵیبان ئەنجام دراوە ،سیراج و تۆڕەكەی تا ئێستاش پەیوەندیەكی پتەویان هەیە لەگەڵ ئەلقاعیدە دا .
نیشتەجێبوونی ئەیمەن زەواهیری لە ( كابول ) پایتەختی ئەفغان رێگای بۆ خۆشكرد تا ژیانێكی جیاواز و خۆشترلەجاران بژی،ئەمەش بەڕونی لەو چاوپێكەوتنانەدا دەر دەكەوێت كە دامەزراوەی (ئەلسەحاب ) لەم دواییانەدا لەگەڵ ئەیمەن ئەنجامیان دابوو وە بەنجیرە بڵاویان كردەوە ،ئەم دامەزراوەیە بەباڵی پڕویاگەندەی ئەلقاعیدە ناسراوەو، ئەو چاوپێكەوتنانەش ناولێنرابوو ( گرێبەستی سەدە ) یاخود ( هەڵمەتی سەدە ) ،چاو دپێكەتنەكان وایان نیشان دەدا كەسەركردەكەی ئەلقاعیدە تەندروستی بەشێوەیەكی بەرچاو باش بووەو ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر لابردنی ئاسەواری ماندوێتی كەپێشتر بەڕونی بەروخساریەوە دیار بوو.
ئەو چاوپێكەوتنانە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو ( 2021 ) دا دەست كرا بە بڵاو كردنەوەیان ،تەنانەت تۆنی دەنگیشی چاك بوبو كە پێشتر بەخراپی دەبینرا.
هەروەك چاوپێكەوتنەكان لە شەش زنجیرە پێكهاتبوو كەدوان لەوانە (5،6) تۆماری دەنگی بوون و دوایین دیمانە لە 15 – ی تەمموزی رابردودا لەلایەن ئەو دەمەزراوەیەوە بڵاوكرایەوە ،واتە كەمتر لە دوو هەفتە لە كوژرانی سەركردەكەیان ،لەیەكێك لە دیمانەكاندا وا دەردەكەوێت لەنوسینگەكەی خۆیدا بێت و چەندین پەرتوك – چاپكراوی تیادا بەدیدەكرێت كە هەموو ئەوانە هێمان بۆ ئەوەی كە ئەیمەن لەبارەگا سەرەكیەكەی خۆی بێت لەكابول و بەتەواوی لەوێ جێگیر بوبێت و دەستی گەیشتبێ بەداهات و سەرچاوەی زیاتر و هەر ئەمەش بواری بۆ ڕەخساندوە تا دەستی بگات بە پەرتوك و بڵاوكراوەو چاپكراوی نوێ.
لەنێو ئەو چالاكیانەی راگەیاندنەكان و پڕوپاگەندە كردن بۆ ئەم سەركردەیەو رێكخراوەكەی و جێگیر بوونی لەكابۆل، دەزگا هەواڵ گریەكانی ئەمەریكا توانیان بگەن بەجێگاكەی و بیدۆزنەوەو هاوكات بیشیكەنە ئامانج، بەم شێوەیەش سەردەمی ئەیمەن زەواهیری لەئەمارەتی ئەلقاعیدە كۆتایی هات پاش ئەوەی بۆماوەی ( 11 ) ساڵی تەواو لەلوتكەی ئەورێكخراوە بوو كە بەدرێژایی ماوەی رابەرایەتی ئەو ئەم رێكخراوە پشكی شێری هەبوو لە تێكشكان و تیرۆر كردنی بەردەوامی ئەندامە دیارەكانیەوە، بێگومان بەكوشتنی خۆشیەوە.
بەڵگەیەكی تر بۆ شكستی ئەلقاعیدە :
كوژرانی ئەیمەن زەواهیری بەڵگەیەكی تری شكستی رێخكراوی ئەلقاعیدەیە كە ماوەیەكی دورو درێژە توشی هاتووە ،ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەو رێكخراوە تا سەرئێسقان خەرق كراوەو چی تر لەتوانایدا نەماوە سەركردەكانیان بپارێزن،لەسەرو هەمویانەوە زەواهیری كەبەدوایین سەركردەی دامەزرێنەری رێكخراوەكە دادەنرا كەلەژیاندا مابێت لەدوای كوشتنی ئوسامە بن لادن لە ( 2001 ) دا و ئەبولخەیری میسری ( 2017 ) و ئەبو محەمەدی میسری ( 2020 ) دا،كە ئەم دوانەی دوایی هەردوكیان جێگری ئەیمەن زەواهیری بوون.
ئەم لێدانەی زەواهیری و كوشتنەكەی ئەوە دەسەلمێنن كە بۆچونی سەركردە باڵاكانی ئەلقاعیدە كە گوایە لەناو شارو گەڕەك و ماڵاندا بەتایبەتیش بەهاوكاری (تۆڕی حەققانی ) كەئەمان پێكهاتەیەكی هەرە توندرەوی ناو تاڵیبانن دەتوانن پارێزراو بن ، ئەوا لەخەون و سەرابێك بەو لاوە هیچی تر نیە و بەتەواوی هەڵەن و هەر ئەمەش لەكۆتایدا بوە هۆكاری كوشتن و لەدەستدانی سەركردەكەیان ئەیمەن زەواهیری.
سەرانی ئەلقاعیدە پێیان وابوو كەبەمانەوەیان لەناو ئەفغانستان و بەتایبەتیش لەناو شارەكاندا بواریان بۆ دەڕەخسێنێت هەتا هەناسەیەك هەڵبمژن و سەرلەنوێ توانا رێكخراوەییەكەیان بونیات بنێنەوەو ئەو تۆڕانەش كەزیانیان بەركەوتووە سەرلەنوێ رێكی بخەنەوەو دواتریش بگەرێنەوە بۆ گۆڕەپانەكەو جڵەوی بزووتنەوەی جیهادی جیهانی سنور بەزێن بگرنەوە دەست،ئەمەش بەرونی لەدواین راپۆرتی تیمی پشتیوانی شیكردنەوەو چاودێری كردنی سزاكانی سەر بەئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی دا دیارە كەلە تەمموزی ڕابردودا بڵاو كراوەتەوە.
رێكخراوی ئەلقاعیدە و باڵەكانیان لەدەرەوە ،لەسەرو هەموشیانەوە هەردو باڵی (یەمەن و مالی ) هەستان بە موبایەعەدان بە ئەمیری بزووتنەوەی تاڵیبان (مەلا هەیبەتوڵا ئاخوند زادە ) و پیرۆزباییان لە بزووتنەوەكە كرد كاتێك ئەفغانستانیان گرتەوە،لەپاش كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لەكۆتاییەكانی مانگی ئاب – ی ساڵی رابردوودا.
هەر ئەو كات كادرو سەركردەكانی ئەلقاعیدە دەستیان كرد بەكۆچكردن بۆ ئەفغانستان ،گوایە جارێكی تر ئەفغانستان بۆتەوە جێگایەكی ئارام و پارێزراو بۆ گیانی ئەوان .
هاوكات رێكخراوی ئەلقاعیدە لە سوریا داوای لەشوێنكەوتوانی كرد كەبریتین لە (چەكدارانی رێكخراوی پارێزەری ئاین ) ( حراس الدین ) كە ئەوانیش روبكەنە ئەفغانستان و لەوێ پەیوەندی بكەن بەسەران و ئەندامانی ئەلقاعیدەوە ،بەڵام ئەندامانی ئەو رێكخراوە نەیانتوانی یاخود نەیانویست ئەو كارە بكەن، ئەمەش بەپێ ی هەمان راپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایش.
– هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەپوشی تاڵیبانەوە
ئەو راسپاردانەی پێشوتر كە رێكخراوی ئەلقاعیدە دابوی بە شوێنكەوتوانی خۆی ئەوە دەردەخەن كە رێكخراوەكە سوربون و هەوڵیشیان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەفغانستان بمێننەوە و بەتەواوی پشت بەتاڵیبان ببەستن وەك ئەوەی رێكخراوی تاڵیبان ئەو پوشە بێت كەئەوان دەستی پێوە بگرن ، بەڵكو بەهۆیەوە رزگاریان ببێت لە نقوم بوون و مردنی سەرجێگا و بیانگەیەنێتە كەناری ئارام ، دەرباز ببن لەو بارو دۆخە ناهەموارەی كە ئەمارەتەكەیان تێی كەوتوە لەو كاتەوەی ئەیمەن زەواهیری چۆتە لوتكەی دەسەڵاتیەوە لە ساڵی ( 2011 ) ەوە.
بوونی رێكخراوی ئەلقاعیدە لەناو ئەفغانستان پێشینەیەكی مێژوویی هەیە بەتایبەتی لە باشورو رۆژهەڵاتی ئەو ووڵاتەدا بەتایبەتی ناوچەكانی سەر بەویلایەتەكانی ( زابل و كۆنەر ) و سنورەكانی نێوان ئەفغان و پاكستان،لەگەڵ ئەوەش رێكخراوەكە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدا بووە كە ئەندامەكانی بۆ ویلایەتەكانی تری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بگوێزێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان جڵەوی دەسەڵاتیان لەوڵات بەدەستهێنایەوە،بەدیاریكراویش بۆ هەردو ولایەتی (فارە و هیرات ) كەهەردوكیان هاوسنوری وڵاتی ئێرانن،دیسان هەمان راپۆرتی پێشو لەناوەراستی ئایاری ( 2022 ) ئاماژەی پێكردووە.
پێدەچێت ئەو هەنگاوە ئەنجامی راسپاردەی سەركردەكانی ئەلقاعیدە بێت ئەوانەی كەلە ئێرانن ،لەسەرو هەمووشیانەوە (سەیفولئەلعەدل ) (محەمەد سەلاحەدین زێدان ) كەلەلایەك بریندارەو هاوكات واناسراوە دۆستی ئێرانیەكانەو گوایە كار دەكات بۆ بەرژەوەندیەكانی ئێران، بەڵام ئەو هەواڵە تا ئێستا بەتەواوی پشتڕاست نەكراوەتەوە ئەوەش لەبەر كەمی زانیاری بەردەست لەسەر چالاكیەكانی ئەلقاعیدە لەو ناوچانە.
هاوكات راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە رێكخراوی ئەلقاعیدە كار دەكات بۆ كۆكردنەوەی ئەندامانی رێكخراوەكەیان لە ویلایەتی ( كۆنەر ) ی ئەفغانی بەدیاریكراوی ،ئەویش بەهەوڵ و كۆششی دوكەس لەسەركردە دیارەكانی كە بریتین لە (ئەبو ئیخلاس میسری و عەبدولحەكیم میسری ) ، ئەبو ئیخلاس سەركردایەتی كەتیبە ( لیوا) یەكی ڕێكخراوەكەی دەكرد لە ساڵی ( 2017 ) دا ، دواتر دەستگیر كرا و لە كابول زیندان بوو هەتا ئەوكاتەی كە هێزەكانی تاڵیبان ساڵی پار چونە ناو كابول – وە و ئازادیان كرد.
لەلایەكی ترەوە رێكخراوی ئەلقاعیدە پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ ( تۆڕی حەققانی ) بەتوندو تۆڵی هێشتۆتەوە،ئەمەش ئەو شتەیە كە زۆرێك لەبەڵگەنامەكان و هاوكات شایەتحاڵەكان ئاماژەی پێدەكەن ،لەسەرو هەموویانەوە راپۆرتەكەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بەبارو دۆخی ناوخۆی ئەفغانستان.
تۆڕەكەی حەققانی هەڵدەستێت بەدابینكردنی شوێنی ئارام و پارێزراو بۆ ئەندامانی ئەلقاعیدەو پێدانی پێناسی ساختە پێیان، بەتایبەتی كە ئەو تۆرَە باڵادەستە بەسەر كارتی پێدانی پێناس و پاسپۆرت و هەموو پەڕاوە فەرمیەكانی ئەو وڵاتەدا لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەرێكخراوی تاڵیبان هەستاوە بەپێشێل كردنی ئەو رێككەوتنەی كەلەنێوان ئەوان و ئەمەریكیەكاندا واژۆ كراوە سەبارەت بەئاشتی نێوانیان لەساڵی ( 2020 ) دا،كەتیایدا هاتوە نابێت رێگا بدرێت بەرێكخراوی ئەلقاعیدە ،یاخود هەر رێكخراوێكی تری تیرۆرستی جیهانی كە ئەفغان وەك ناوچەی ئارام و حەشارگە بەكار بێنن ،یاخود خاكی ئەوان بەكار بهێنن بۆ هێرش كردنە سەر ووڵاتانی دراوسێ.
– تاڵیبان لەنێوان بچوككردنەوی ئەلقاعیدەو رازیكردنیان
هەتا ئێستا پەیوەندیەكانی نێوان ( ئەلقاعیدەو تۆڕەكەی حەققانی ) یەكێكە لە ناكۆكیەكانی ناو خودی تاڵیبان،وە جێگای دڵخۆشی نیە بۆ لایەنگرانیان و هەڕەشەیە لەسەر یەكگرتوویی ناوخۆیی تاڵیبان خۆی .
بەپێی راپۆرتەكەی ئەنجومەنی ئاسایش یەكگرتوویی ناو رێكخراوی تاڵیبان پاش ساڵێك لەدەسەڵاتیان لەوڵاتدا بەرەو لاوازی رۆیشتووە ،ئەمەش لەو كاتەوەی سوپای ئەمەریكا ئەو وڵاتەی بەجێهێشت ، ئەوە بەبەراورد بەو بیست ساڵەی كەئەو رێكخراوە لەگەڵ حكومەتی ئەفغان و ئەمەریكادا لەجەنگ دا بووە لە ( 2001 ) ەوە لەخراپترین دۆخی خۆیاندان و یەكگرتوییەكەیان لەبەردەم هەرشەی جۆراو جۆردایە.
تۆڕی حەققانی بەردەوام لەهەوڵدا بووە بۆ ئەوەی زۆرترین پۆستە وەزاریە گرنگەكان بۆخۆیان بپچڕن، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ كە ( سیراجەدین حەققانی ) خۆی وەزیرێتی، دەزگای هەواڵگری ، دامەزراوە بەرپرسەكان لەپەڕاوو پێناس و پاسپۆرتی وڵات،بەهەمان شێواز باڵا دەستە بەسەر ئاسایشی كابۆلی پایتەخت و زۆر ناوچەی تری ئەفغان، سەرەڕای ئەوەی كە تۆڕەكەی حەققانی سەربەخۆیی تاكتیكی و كردەوەی سەربازی بۆخۆی پاراستوە لەناو تاڵیباندا و ئێستا باشترین یەكەی سەربازی ناو تاڵیبان لای ئەوانە كە كەتیبە ( لیوا ) ی ( 3013 ) یە و بریتیە لەیەكەیەكی فریاكەوتنی خێرا كە راستەوخۆ بەسەركردایەتی باڵای تاڵیبانەوە گرێدراوە.
هەروەك لەهەوڵدا بوون بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی سوپا لە رێگای دانانی سەركردەكانی ناو تۆڕەكەیان لە پۆستە هەرە گرنگ و جێبەجێكارەكانی ناو سوپادا.
لەهەمان كاتدا سوپا سالاری ئەفغان (قاری فەسیحولدین ) هەستا بەدامەزراندنی ( مالی خان ) كەدەكاتە باوكی هاوسەرەكەی ( سیراجەدین حەققانی ) بەجێگری سەرۆك ئەركانی سوپا، بێگومان تۆڕەكەی حەققانی بە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی هەوڵ دەدات بۆ مسۆگەركردنی مانەوەی ئەلقاعیدە لەئەفغانستاندا ،بەڵام هاوكات باڵی جیا جیای ناو تاڵیبانیش هەن كە پێیان وایە پێویستە لە رێكخراوی ئەلقاعیدە رزگایان ببێت ،لەوانەش باڵی ( مەلا محەمەد حەسەن ئاخوند ) و باڵی ( مەلا عەبدولغەنی برادەر) و كەسانی تریش.لەم دواییانەشدا ( مەلا محەمەد فەزڵ مەنسور ) جێگری ئەركانی سوپای تاڵیبان چوە پاڵیان .
لەملاشەوە تیمی باڵی مەلا برادەر هەوڵ دەدەن لەناوخۆی وڵاتدا دەسەڵات و تواناكانی حەققانی سنور دار بكەن و لەقاڵبیان بدەن ،لەو چوارچێوەیەشدا هەستان بەلەباربردنی هەوڵێك كە دەیانویست ( سیراجەدین حەققانی ) بكەنە جێگری سەرۆك وەزیران،هاوكات تیمەكەی مەلا برادەر هەستان بە هەڵمەتێكی پشكنینی فراوان لەناو كابۆلی پایتەختی ئەفغانستاندا بەبێ گەرانەوە بۆ حەققانی و پرس و ڕا پێكردنی ،لەهەمان كاتیشدا هەستان بەدەستگیر كردنی برای سەرۆكی نوسینگەی پاسپۆرت ( مەلا عەلەم گوڵ حەققانی ) بەتۆمەتی گەندەڵی و كارو كردەوەی دور لەڕوشت.
بەردەوامی ململانێ و ناكۆكیەكانی ناو تاڵیبان شتی باشی لێ چاوەڕوان ناكرێت و بەتەواویش سێبەری بەسەر ئەلقاعیدەدا كێشاوە،ئێستا گومانی بەهێزیش دروست بووە لەوەی كە خەڵكانێك -ی ناو تاڵیبان بەشدار بوبن لەخستنە داوی ئەیمەن زەواهیری و جێگاكەی ئەویان بۆ دەزگا هەوڵگریە ئەمەریكیەكان ئاشكرا كردبێت،هەتا بۆ ئەمەریكیەكانی بسەلمێنن كە تاڵیبانی ئێستا جیاوازیەكی زۆری هەیە لەوەی جاران وباڵی نیشتیمانی ناو تاڵیبان دژی هێزی تیرۆرستین و رازی نابن بەبونی ئەلقاعیدەو هێزی چەكدراری بێگانە لەسەر خاكی وڵاتەكەیان و وای نیشان بدەن كە ئێستا تاڵیبان بە شێوازێكی باشتر جڵەو گیری وڵات دەكەن.
لەهەمان چوارچێوەدا ،چەندین رۆژنامەی ئاسیاوی وای بۆ دەچن كە هەندێك لە سەركردەو كادرە دیارەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان بەشدار بوبن لەوەی ئەیمەن زەواهیری بخەنە داوی ئەمەریكیەكانەوە لەبەرانبەر هەڵگرتنی سزای سەر پارە بلۆككراوەكانی تاڵیبان لەناو ئەمەریكا،سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن لەهەمان كاتی كوژرانی ئەیمەن دا تاڵیبان و ئەمەریكیەكان لەدانوساندا بوون سەبارەت بەهەڵگرتنی سزای بلۆككردنی پارەكانیان.
سەبارەت بەهەمان شت لێدوان و سەرچاوە هەواڵیەكانی ئەمەریكیەكان لەسەر كوشتنی زەواهیری ئەو گومانانە پشت راست دەكەنەوە كە لێرەو لەوێ باس لە تێوەگلانی تاڵیبان دەكەن بەشێوەیەكی كرداری لەو پرۆسەیەدا،ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوەدەكەن كە دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی هەر لەكاتی گەیشتنی خێزانەكەی ئەیمەن بۆ گەرەكی دیبلۆماتكارەكان لە كابول ئاگاداری هەموو شتێك بوبن،پاش ئەوەی توانیان ڕاستی هەواڵەكە بسەلمێنن ،كەوتنە چاودێری ماڵەكەی، ئەمەش چەند مانگێك بەردەوام بووە هەتا ئەو كاتەی توانیان لەناوی بەرن .
هەموو ئەمانە لە كاتێكدایە كەهەندێك سەرچاوەی نزیك لە ئەلقاعیدە ئاماژە بەوە دەكەن كە ( سەیفولعەدل ) كە ئێستا لە تارانی پایتەختی ئێران دەژی دەیەوێت روبكاتە ئەفغانستان بەتایبەتی پاش كوژرانی ئەمیری ئەلقاعیدە ، تا لەجێگای ئەو ببێتە ئەمیری نوێی ئەلقاعیدەو ئەو هەواڵانانەش بەدرۆ بخاتەوە كەباس لەوە دەكەن كەئەو نێوانی لەگەڵ ئێرانیەكان خۆشەو گوایە حەز دەكات لە ئێرانیەكانەوە نزیك بن و خزمەت بەبەرژەوەندیەكانی ئێران بكەن لەناوچەكەدا.
سەبارەت بەوەش راپۆرتەكەی ئەنجومەنی ئاسایش كەلەتەمموزی ڕابردودا بڵاو كراوەتەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە رێكخراوی تاڵیبان بۆ دڵرازیكردنی ئەمەریكیەكان هەوڵ دەدات بەر بەو هەنگاوە بگرێت یان دوای بخات و رێگا نەدەن ( سەیفولعەدل ) بگاتە ئەفغان ، بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە كاردانەوەكانی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمەریكیەكان، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە ململانێیەكی بەهێز لەناو تاڵیبان بوونی هەیە بۆ مانەوە یاخود رزگار بوونی یەكجارەكی لەئەقاعیدە و لەو سەروبەنو كێشمە كێشەدا كۆتایی هێنرا بەژیانی ئەیمەن زەواهیری كەجێگای گومانێكی زۆرەو ئەگەری هەیە شتی زیاتریش بەدوای خۆیدا بێنێت.
ئامادەكردنی : بەختیار مستەفا