موقتەدا سەدری رێبەڕی رەوتی سەدر لە تویتێکدا دواخستنی خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممەی راگەیاند و دەڵێت، “بۆ ئەوەی پلانە نەگریسەکانتان جێبەجێ نەبن خۆپیشاندانەکانمان دواخست.”
پاش ئەوەی بڕیار بوو رۆژی شەممەی داهاتوو خۆپیشاندانی ملیۆنی لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە بەڕێوەبچێت، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا دواخستنی خۆپیشاندانەکەی راگەیاند.
سەدر نووسیویەتی، “لەبەر خۆشەویستم بۆ عێراق، گەل و پیرۆزییەکانی دواخستنی وادەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی رۆژی شەممەی داھاتوو رادەگەیەنم.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەگەر ئێوە گرەو لەسەر ھەڵگیرساندنی (شەڕی ناوخۆ) دەکەن، ئەوا من گرەو لەسەر پاراستنی (ئاشتی کۆمەڵایەتیی) دەکەم، چونکە خوێنی عێراقییەکان لە ھەموو شتێکی بەنرخترە.”
سەدر ئەوەشی خستووەتەڕوو، “بەردەوامین لە چاکسازیی و شۆڕش دژ بە گەندەڵی.”
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ سێشەممە، ساڵح محەمەد عێراقی کەسایەتی نزیک لە سەدر، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر وەڵامی چوارچێوەی هەماهەنگی دایەوە و رایگەیاند، “خۆپیشاندان بەرامبەر بە خۆپیشاندان خۆشکردنی شەڕی ناوخۆیە.”
ئەمەش لەکاتێکدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی بە چوار مەرج رازیبوو بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان: “یەکەم؛ هەڵبژاردنی حکومەتێکی نوێ لە ژێر سایەی پەرلەماندا. دووەم؛ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن. سێیەم؛ ئەنجامدانی دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی دیاریکردنی ئەو رێگەچارە یاسایی و دەستوریانەی کە دەکرێت لە رێگەیانەوە پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە. چوارەم؛ پێویستی کۆدەنگییەکی نیشتیمانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.”