30 پەرلەمانتاری کوردستان داوا دەکەن لێكۆڵینەوەی جدی لە داواكاری گشتی چاکسازی گەورانی هەولێر بکرێت بەهۆی كەمتەرخەمی کردنی لە سستی رێکارەکانی بەربونی مەرجدار ی گیراوانی بادینان.
لە یاداشتێکدا کە 30 پەرلەمانتاری کوردستان ئیمزایان لەسەر کردوە، ئاماژە بەوە دەکەن “زیندانیانی بادینان پاش ئەوەی ئەحکامی مەرجەکانی بەربونی مەرجدار دەیانگرێتەوە کەلەمادەی 331 ی یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکاندا هاتوە، پێویست بو کارڕایی ئازادکردنیان بۆ ئەنجام بدرایە بەڵام بەداخەوە بەمەبەست و پێشێلکردنی یاسا هێڵدراونەتەوە لە كونجی زینداندا”.
ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەی ٢٦ ڕۆژە زیندانیانی بادینان مانیان گرتوە و دۆخی تەندروستی بەشێكیان ناجێگیرەو ژیانیان لە مەترسیدایە، لەبەر ئەوە دەبو بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی هەولێر ئەركی فەرمانبەری خۆی ڕاپەڕاندایەو کارڕایی بەردانی مەرجداری ئاڕاستەی داواكاری گشتی بکردایە، ئەركی داواكاری گشتیشە بەزوترین كات مامەڵەكانیان ئاڕاستەی دادگای کەتن بكات تا كاروبارەكانیان ڕاییبكرێت و ئازاد بكرێن و یاسا سەروەربێت “.
ئەو پەرلەمانتارانە داوا لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەکەن لێكۆڵینەوەی جددی لە داواكاری گشتی چاکسازی گەورانی هەولێر بکات بەهۆی كەمتەرخەمی کردنی لە ئەرکی چاودێری کردن لە سستی کارڕاییەکان.
هەروەها داوا لە وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەكەین كە لێكۆڵینەوەو لێپرسینەوەی جددی بكات لە بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی هەولێر سەبارەت بە کەمتەرخەمی کردنی لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا و داواش لە سەرۆکی دەستەی دەسپاكی دەكەن بەزوترین كات دەست بكات بە لێكۆڵینەوە لەو فەرمانبەرانەی کە كەمتەرخەمییان كردوە لە ئەركەكانیاندا.