به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی عێراق رایگه‌یاند، په‌سه‌ندكردنی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و مراندنی ئۆتۆمبێل له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه و ته‌نها په‌سه‌ندكردنی ماوه، بڕیاره‌كه‌ش ئۆتۆمبێلی مۆدێرنی زیانلێكه‌وتو ده‌گرێته‌وه.
عه‌مید زیاد قه‌یسی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی هاتوچۆی گشتی عێراق رایگه‌یاند، “بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و مراندنی تۆماری ئۆتۆمبێله‌كان له‌بری كڕینی ژماره‌كان، ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه، ئێستا چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ندكردنی ده‌كه‌ین، هه‌ركات په‌سه‌ندبكرێت، راسته‌وخۆ ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه”.
سه‌باره‌ت به‌مۆدێلی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێندرێنه‌وه بۆ سود وه‌رگرتن له تابلۆكانیان له‌بری كڕینی تابلۆی نوێ، عه‌مید زیاد قه‌یسی ئاشكرایكردوه، “هیچ مۆدێلێكی ئۆتۆمبێل دیاری نه‌كراوه، به‌پێی بڕیاره‌كه ئۆتۆمبێلی مۆدێرن، له‌نێویاندا مۆدێلی 2022ش ده‌گرێته‌وه ئه‌گه‌ر له ڕوداوی هاتوچۆ یان ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا زیانیان پێگه‌یشتبێت”.
مانگی (حوزه‌یران/6)ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گشتی عێراق ژماره‌یه‌ك رێنمایی بۆ پێدانی تابلۆ به ئۆتۆمبێلی نوێی هاورده‌كراو ده‌ركرد و به‌گوێره‌ی یه‌كێك له رێنماییه‌كانیش، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و مراندنی ئۆتۆمبێله له‌بری تۆماركردنی ئۆتۆمبێلێكی نوێ، له‌ئێستاشدا كۆی رێنماییه‌كان ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كراون به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن.