لە عێراق دەست بەسەر تابلۆیەکی پابلۆ پیکاسۆدا گیرا

لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقدا لە پارێزگای دیالە، دەست بەسەر تابلۆیەکدا گیراوە کە دەگوترێت ھی نیگارکێشی ئیسپانی، پابلۆ پیکاسۆیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی ئاژانسی ئانادۆڵ کەوتوون، ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ لە چەند رۆژی رابردوودا، ئۆپەراسیۆنێکیان لە پارێزگای دیالە بۆسەر باندێکی بازرگانییکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان ئەنجامداوە و لە میانیدا، دەستیان بەسەر تابلۆیەکدا گرتووە کە دەگوترێت ھی نیگارکێشی ئیسپانی، پابلۆ پیکاسۆیە.

پێشتر بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، عەقید بیلال سوبحی لە لێدوانێکدا رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو کە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ھێزەکانیاندا لە پارێزگای دیالە، باندێکی بازرگانییکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراون کە تابلۆیەکی نیگارکێشی ئیسپانی، پابلۆ پیکاسۆ-یان لەلابووە.

عەقید بیلال سوبحی ئاشکراشی کردبوو، ئەو تابلۆیەی کە دەستی بەسەرداگیراوە، نرخەکەی بە ملیۆنەھا دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ھاوکات بەرپرسان لە پارێزگای دیالە رایانگەیاندووە کە لەئێستادا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە تابلۆکە دەکۆڵنەوە بۆ ئەوەی بزاندرێت ئەو تابلۆیە دروستە یان ساختەیە و ئاماژەیان بەوەیشداوە ئەگەر دەرکەوت تابلۆکە، دروستە و ساختە نییە، ئەوا نرخەی بە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

لای خۆیەوە قایمقامی قەزای باقووبە، عەبدوڵڵا حەیالی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا لە ژمارەیەک میدیادا، ھەوڵی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە لە پارێزگای دیالە تابلۆیەکی نیگارکێشی ئیسپانی، پابلۆ پیکاسۆ دۆزرواتەوە کە نرخەکەی بە ملیۆنەھا دۆلار دەخەمڵێندرێت.

عەبدوڵڵا حەیالی گوتوویەتی “تا ئێستا، ھیچ نووسراوێکی فەرمیی لەوبارەیەوە بەدەستمان نەگەیشتووە، لەئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ھێزە ئەمنییەکان دایە بۆ ئەوەی ئەو ھەواڵە رەت یان پشت راست بکەنەوە”.

پەیوەندیدار