ئامانجی سەردانەكەی عامری بۆ لای سەدر ئاشكرا كرا

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، لەسەردانەکەیدا بۆلای رێبەری رەوتی سەدر، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح پەیامی یەکدەنگی لایەن سیاسییەکان لەبارەی هەڵنەوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە دەگەیەنێتە موقتەدا سەدر. دەشڵێت، “چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیران بوو، چونکە ئامانج لێی گفتوگۆی نیشتیمانی و هەڵنەوەشاندنەوەی پەرلەمان بوو”.

جاسم عەلەوی ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و لە نێویشیاندا چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتی کردن، چونکە ئامانج لێی زاڵکردنی بنەمای گفتوگۆکردن بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، خودی کازمی خۆی بەشێکە لەو بێسەرەوبەرییەی وڵاتی گرتووەتەوە و بەشێکە لە قەیرانەکان.
وتیشی، هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لانە کوردییەکان و سونەکان بە ئامانجی ئەوەبووە پەرلەمان هەڵنەوەشێنرێتەوە و پارێزگاری لە بەرکەوتەکانی هەڵبژرادن بکات.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، سەردانی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحبۆلای موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ئەوەش لە خۆی دەگرێت کە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندانین، بەڵکو لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدان.
جاسم عەلەوەی باسی لەوەشکرد، سروشتی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە لەسەر هەموو شتێک پێداگری ناکات، بەڵکو بەردەوام دەرگای کراوەیە بەڕووی بژاردەکاندا.
لەبارەی کاندیدی چووارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران وتیشی، “محەمەد شیاع سودانی” باشترین کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەڵام هەندێک کەسایەتی ترهەن ببنە ئامادەن ببنە جێگرەوەی سودانی کە تائێستا ناویان ئاشکرا نەکراوە.
پێشتر، حەیدەر سولەیمان راڤەکاری سیاسی ئاماژەی بەوەدا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەسەر دانەکەیدا بۆ حەنانە لە شاری نەجەف بە مەبەستی دیداری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرە و ئەو مەرج و بڕیار و راسپاردانەی پێدەگەیەنێت کەلانە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەیاندا لە دیداری گفتگۆی نیشتیمانی کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتی کردبوون، لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانەوە لەسەری رێککەوتوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر لە ١٠ مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆکاری ناکۆکی نێوان لایەن سیاسییەکان پەرلەمان چەند جارێک شکستیهێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ و راسپاردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لە ئەنجامدا فراکسیۆنی سەدر کە خاوەنی ٧٣ کورسی پەرلەمانی بوو لە پەرلەمان کشایەوە و ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.

پەیوەندیدار