حكومەتی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ى بۆ تەواوی پێشینەكان دەركرد

حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد، داشكاندنی 15%ی بۆ تەواوی قەرزەكانی ” پێشینەكانی خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری” دەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشكرای كردووە، وەكو هەوڵێك بۆ ئاسانكاری لە دانەوەی قەرزەكانی هاوڵاتیان لە “پێشینەكانی خانوبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری” حكومەت داشكاندنی 15%ی بۆ تەواوی ئەو قەرزانە و لێخۆشبوونی تەواو بۆ سزاكانی دانەوەی پێشینەكانی دەكات.
رونیشكراوەتەوە، لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند كە داشكاندنی رێژەی 15% بۆ پابەندە داراییەكان بەردەوام دەبێت لە بواری شارەوانییەكان و گەشتوگوزار و ئاودا، هەروەها سزای دارایی دواكەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت، ئەگەر خاوەنكار پارەی كەڵەكەبووی بەشداربووان بە یەكجار و بەشێوەی نەختینە بدات.
فەرمانگەكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لە هەمان كاتدا لێخۆشبونی تەواوی سزای دواكەوتن و سوود لەسەر باج و رەسمی كەڵەكەبووەكان وەرناگیرێت، بەمەرجێك ئەو هاوڵاتییە تەواوی باج و رەسمی كەڵەكەبووەكە بداتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو داشكاندنە تاوەكو 20ی ئەیلولی ئەمساڵ دەبێت.

پەیوەندیدار