خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بۆ 34هەمین جار گردبونەوە

خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بۆ 34هەمین جار گردبونەوە و داوایان لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە خێرایی بێته‌سه‌رخه‌ت و ڕێگە نەدات چیدیکە یاری بە چارەنوسی خەڵکی هەژار و ڕەشوڕوتی هەولێر بکرێت، دەشڵێن، بەردەم ئەنجومەنی وەزیران چۆڵناکەن تاوه‌كو بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە سەرۆکی حکومەت وەرنەگرن و ده‌بێت رێگه‌ نه‌درێت چی دیكه‌ یاری بە چارەنوسی خەڵکی هەژار و ڕەشوڕوتی هەولێر بکرێت.

خاوەنی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک ئەمڕۆ یەکشەممە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران له‌ شاری هه‌ولێر گردبونەوە و رایانگەیاند، دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک، خاوەن زەوییەکان هیوایان بۆ گەڕایەوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکان، بەڵام تا ئێستا وەزارەتە تایبەتمەند و ڕاسپێردراوەکان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەپێی پێویست کاریان ئەنجامنەداوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دوای 20 ساڵ لە دابەشکردنی ئەو زەوییانە، بە دەیان گەڕەکی نوێ و هەزاران شوقە و پڕۆژەی نیشتەجێبون لە هەولێر دروستکراون و باشترین خزمەتگوزارییان پێگەیشتوە، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە کە ئەو شوێنەی ئه‌وان کەوتوه‌تە ناوەندی شارەوە، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ دابیننەکراوە.

خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک ده‌ڵێن، زۆربەی خاوەن زەوییەکان کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، فەرمانبەر، کرێچی و چینە هەژارەکەی کۆمەڵگەن بۆ 34هەمین جارە گردبونەته‌وە و خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، بەڵام هەتا ئێستا کێشەکانیان بۆ چارەسەر نەکراوە.

ئه‌وان هه‌روه‌ها داوایان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بە خێرایی بێتە سەر خەت و ڕێگە نەدات چیدیکە یاری بە چارەنوسی خەڵکی هەژار و ڕەشوڕوتی هەولێر بکرێت، کە بە هەزاران قوربانیان پێشکەش بەم هه‌رێمه‌ کردوە.

خاوەن زەوییەکانی داواشیانکرد رێگەیان بدرێت کە زەوییەکانیان دابەشبکەن و ڕێگەش بە دروستکردنی خانو لەسەر زەوییە 125 مەترییەکان بدرێت، هەروەها بە زوترین کات تەواوی خزمەتگوزارییەکان بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دابینبکرێت و بەبیانوی جۆراوجۆرەوە دوانەخرێت.

پەیوەندیدار