گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 لەگەڵ ئێران رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە نزیکە و ئاشکراشی دەکات، داواکارییەکەی تاران بۆ دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر لە رەشنووسە نوێیەکەی رێککەوتننامەکە لابراوە.
رۆژی دووشەممە، 22ی ئابی 2022 لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی واشنتن بۆ رەشنووسەکەی تاران بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی بەرنامەی ئەتۆمیی 2015 رایگەیاند، هەڵوێستی ئەمریکا هەمیشە روون بووە بۆ کاراکردنەوەی ئەو رێککەوتنە، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە، ئێران وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بداتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەیشی خستەڕوو، لە رەشنووسە نوێیەکەی ئێراندا، کە یەكێتیی ئەوروپا، بە “رەشنووسێکی گونجاو”، ناوی بردووە، ئێران دەستبەرداری داواکاریی دەرهێنانی سوپای پاسداران لەنێو لیستی تیرۆر بووە، بەمەش ئەمریکا گەشبینە کە لەگەڵ تاران نزیکە لە رێککەوتن.
بەڵام نێد پرایس دەڵێت، هێشتا هەندێک کەلێن لەنێو رەشنووسەکە هەیە و پێویستە ئەو کەلێنانە نەمێنن تاوەکو چارەنووسی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێرانیش بەدیاربکەون. ئاماژەی بەوەش کرد کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەرگیز رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا واژۆ ناکات، ئەگەر لەگەڵ ناوەڕۆکی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا یەکنەگرێتەوە.