دەستەی دەستپاکیی عێراق رایدەگەیێنێت، دوو کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەیەکی بەسرە دەستگیرکراون کە بە ئەمبوڵانس بازرگانییان بە حەبی هۆشبەرەوە کردووە.
رۆژی 22ی ئابی 2022، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوو کارمەندی نەخۆشخانەی گشتیی فەیحا لە پارێزگای بەسرە، بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو دوو کارمەندە تەندروستییە بە ئەمبوڵانسی نەخۆشخانەکە حەبی هۆشبەریان گواستووەتەوە، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی تەندروستی گواستنەوەیان هەبووبێت.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەداوە، 40 پارچە حەبی هۆشبەر بەو دوو کارمەندی تەندروستی گیراون، کە لە ئەمبوڵانسەکەدا پێیان بووە و بازرگانییان پێوەکردووە.
خالید سەلامە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرمانگەی تەندوستیی بەسرە رایگەیاند: دۆسیەی ئەو دوو فەرمانبەرە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەن.
خالید سەلامە ئامادە نەبوو وردەکاریی دیکە لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە ئاشکرابکات، گوتی: “ئێمە متمانەمان بە بڕیارەکانی دادگە هەیە.”
بەگوێرەی ماددەی 28ـی یاسای ماددەی هۆشبەر و کاریگەرییە هزرییەکانی عێراق، هەر کەسێک بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە بکات سزاکەی بەندکردنی تاهەتایی و پێبژاردنە، کە بڕەکەی لە 10 ملیۆن دینار کەمتر و لە 30 ملیار دینار زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی هەشت هەزار و 200 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.