بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی دێرەلووكی سهر به قهزای ئامێدی رایگەیاند، شەوی رابردوو گەنجێکی تەمەن 35 ساڵ کە لەنێو مەرەزەی برنجدا بووە، بە هەڵە کوژراوە.
ئەو گەنجە ناوی جووتیار مستەفایە، شەوی رابروو چووەتە نێو زەوییەکەیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاریک بووە “تەقەکەرەکە وایزانیوە بەراز لە نێو کێڵگەکەیە، تەقەی کردووە و بەو هۆیەوە جووتیارەکە بەرکەوتووە و کوژراوە.”
رائید غازی هاریكی، بەڕێوهبهری بنكهی پۆلیسی دێرەلووك رایگهیاند، “ئهو رووداوه له گوندی مههیدی سەر بە دێرەلووک روویداوە، بهشێك له جووتیارانی گوندەکە برنج دەچێنن، زۆرجار بەراز دەچێتە نێو کێڵگەکانیان، ئەوانیش تەقە لە بەرازەکان دەکەن، شەوی رابردوو ئەو گەنجە چووەتە نێو کێڵگەکەیان، خەڵکەکە وایانزانیوە بەرازە، تەقەیان کردووە و ئەو گەنجە بەرکەوتووە.”
بەڕێوهبهری بنكهی پۆلیسی دێرەلووك ئاماژەی بەوەش دا، دوای رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام دیار نییە کێ تەقەی کردووە، ئەوانەشی کە لەوێ بوون خزم و کەسی یەکدین.
ناحیهی دێرەلووك سەر به قهزای ئامێدییە، بەشێک لە جووتیارانی ئەو ناحیەیە ساڵانە برنجی کوردی دەچێنن، بهڵام چهند ساڵێكه بهراز بووەته سهرئێشە بۆ جووتیارانی ئهو ناوچهیه و ناچارن شەوان ببنە ئێشکگر بۆئەوەی بەراز کێڵگەکانیان تێکنەدات.