نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: نیگەرانین لە پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق كە تادێت ئاسۆی چارەسەر دوردەكەوێتەوە.
لە پەیامێكدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندوە، بەوپەڕی پەرۆشی و نیگەرانیەوە لە پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق دەڕوانین كە تا دێت بە ئاڕاستەی پەرتەوازەیی و قوڵتربونەوەی زیاتری قەیرانەكان و دوركەوتنەوەی ئاسۆی چارەسەردا دەڕۆن، دۆخەكە وا خەریكە داهاتوی وڵات و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەكی جدییەوەو كۆی پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی و دامەزراوەكان پەكدەخات.
راشیگەیاندوە، خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیانە، مافێكی رەوا و دەستوریی پارێزراوە، بەڵام پەكخستنی دامەزراوەی دادوەری دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەكان و لە خۆپیشاندەران دەكەین دامەزراوەكان و ئاشتی كۆمەڵایەتی بپارێزن و لە رەوتی ئاشتییانەو مەدەنی دور نەكەونەوە، وڵات چیتر بەرگەی ئەم هەموو قەیرانە سەخت و بارگرژییە ناگرێت و درێژەكێشانی زیاتری ئاڵۆزی، دواجار بە زیانی تەواوی گەلی عیراق تەواو دەبێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەشیكردوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە كە وەك هەمیشە بەشێكین لە چارەسەرو هەموو هاوكارییەك دەكەین بۆ لێكگەیشتن و پێكهاتنی لایەنە عیراقییەكان، وڵات پێویستی بە گفتوگۆیەكی جدیی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی لایەنە سیاسییەكانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەسەر بنەمای دەستور، هەر ئەوەش تاكە رێگەی دروستە بۆ دەرچون لە قەیران و بنبەستی سیاسی و گەیاندنی وڵات بە كەناری ئارامی.