د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد، هەڵمەتی كوتانی منداڵان لە ئەمڕۆوە دەستپێدەكات و هەتا كۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت و لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان بەڕێوەدەچێت.
د. سامان بەرزنجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر وتی، هەڵمەتێكی كوتانی منداڵان لەلایەن تیمە تەندروستییەكانی شارەكەوە بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەستپێدەكات و لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمیش بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵمەتەكە جیاوازە لەوانەی پێشوو و ئەمڕۆ دەستپێدەكات و سەرتاسەرییە، بۆ پێدانی ڤاكسینە بۆ دروست كردنی بەرگری بەرامبەر نەخۆشیە گواستراوەكان لە نەوەكانی ئایندەدا، چونكە هەندێك لە ڤاكسینەكان بۆ منداڵان دواكەوتووە.
وەزیری تەندروستی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەم ڤاكسینانە لە 2 مانگی و 4 مانگی و 6 مانگی و 9 مانگی و 15 مانگی دەدرێنە منداڵ، وەك ڤاكسینەكانی شەلەلی منداڵ و سورێژە و دژی نەخۆشیەكانی هەوكردنی جگەر و چەندین ڤاكسینی تر.
هەر بەپێی وتەكانی وەزیری تەندروستی، بەپێی بەدواداچونەكان نزیكەی %20 ی هاوڵاتیان ڤاكسینەكانیان درەنگ كەوتووە یاخود وەریان نەگرتووە، سەرەڕای ئەوەش ڤاكسینەكانی كۆرۆنا دابەش دەكرێن و تیم بۆ هەموو گەڕەك و قەزا و ناحیە و ناوچەكان دابین دەكرێت و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن.