گرفتەکانی بەردەم عەدالەتی ڕاگوزاری لە کوردستان و عێڕاقدا

چەمکی عەدالەتی ڕاگوزاری چەمکێکی نوێیە لە بواری فەرهەنگی سیاسی و لەم ساڵانەی دوایدا لە زۆر وڵات لە دوای جەنگ و کۆتایهاتن بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و، وەک بەشێک لە میکانیزم بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ و قەرەبوکردنەوەی قوربانییەکان لە لایەن دەسەڵاتی نوێ پەیڕەو دەکرێت.
“ناوەندی نێودەوڵەتی عەدالەتی ڕاگوزاری” پێناسەی چەمکی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات بەوەی کە گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێنە لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە لە ناکۆکی و شەڕ دەژین و کاری داپڵۆسێنەری فراوان دژ بە گرۆپێک یان زیاتر لە خەڵکی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت و، ئەو کارانە لە بازنەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و، مەترسییەکانی دەگاتە ڕادەیەک کە سیستمی دادوەری ئاسایی وەڵام و چارەسەرکردنی پێ نییە و پێویستی بە ڕێوشوێن و میکانیزمی تایبەت بۆ پەیڕەکردنی دادوەری هەیە.
بنەمای سەرەکی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزاری بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەنجامدەرانی ئەو پێشێلکارانە دەبی سزا بدرێن و قوربانییەکانیش قەرەبوبکرێن بە پشتبەستن بە پرنسیپی کەرامەتی مرۆیی کە بەهایەکی بەرزە و ناکرێ بێ بوونی کۆمەڵگایەکی شیاو بۆ مرۆڤ بنیات بنرێت.
هەرچەندە ئەم چەمکە لە دوای ساڵانی نەوەتی سەدەی ڕابووردوو بە شێوازێکی سەرەتایی گەڵاڵە بوو، بەڵام پاشخانی ئەم چەمکە بۆ دوای کۆتایهاتنی دووەمین شەڕی جیهانی و دادگاکانی نورنبرگ و نەخشەی نەهێشتن و بنبڕکردنی نازیزم و فاشیزم لە جیهاندا دەگەڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆتایهاتن بە قۆناغی حوکمرانی کۆمەڵێک رژێمی دیکتاتۆری و عەسکەرتاریا لە یۆنان و ئەرجەنتین لە ساڵانی 1975و، 1983 تەکانێکی دیکەی بە بەرجەستەکردنی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزاری دا.
پێش گۆڕانکارییەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات، تێکۆشان دژ بە حوکمرانە دیکتاتۆرییەکان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو لە وڵاتانی چیلی و ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای کارتێکردنی خۆی جێهێشت بۆ گەڵاڵەکردنی چەمکی دەرخستنی ڕاستییەکان، کە بنەمای گواستنەوەیە لە دیکتاتۆری بۆ دیموکراسی و، لە شەڕ و جەنگەوە بۆ ئاشتی.
گۆڕانکارییەکان لە ئەوروپای رۆژهەڵات و لە هەندێ وڵاتی ئەفریقیا وای کرد کە ئەم چەمکە و میکانیزمەکانی شێوازی جۆراجۆر بگرێت و، ببێت بە بەشێک لە پاکتاوکردنی حسابات و ئەجیندەی سیاسی بە ئاراستەی بنیاتنانی سەرمایەداری بە پێی مۆدیلی نیولیبرالیزم بەتایبەتی لە وڵاتە سوشیالیستەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات دوای ڕۆخاندنی دیواری بەرلین و، ئەوە بوو دادگای تایبەت بۆ ئەم مەبەستە لە ئەلمانیای رۆژهەڵات و لە یوگسلافیا درووست بوو.
بەم جۆرە چەمکی عەدالەت کە بریتییە لە سزادانی تاوانباران و قەرەبوکردنەوی قوربانییەکان لە گەڵ چەمکی ڕاگوزاری گرێدرا کە مەبەست لێی گواستنەوەیە لە شەڕ و پێکدادانەوە بۆ ئاشتی و لە دیکتاتۆری بۆ دیموکراسی و، دواتریش لە دیدی نیولیبرالیزمەوە گواستنەوەیە لە ئابووریەک کە شوناسێکی سۆشیالیستی هەبێت و دەوڵەت وەزیفەی ئابووری هەبێت بۆ ئابوورییەک کە پشت بە کەرتی تایبەت بە شێوەیکی ڕەها ببەستێت، بەتایبەتی دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و ئۆردوگای سوشیالیستی.
ئەزمونی ئەفریقیای باشور یەکێکە لە ئەزمونە گرنگ و سەرکەوتووکانی عەدالەتی ڕاگوزاری دوور لە دیدی نیولیبرالیزمەوە. لەم وڵاتەدا بە مەبەستی نەهێشتنی کارتێکردن و ئاسەواری تاوانەکانی ئەپارتاید (جیاوازی ڕەگەزی)، لێژنەی ڕاستی و ئاشتەوایی دروستکرا و لە ڕێگای ئەم میکانیزمەوە قوربانییەکان هەستیانکرد کە تاوانباران لە کۆمەڵگادا سزا دراون و قوربانییەکانیش قەرەبوکراونەتەوە و، ئەمەش هۆکاری سەرەکی سەقامگیری سیاسی و پاراستنی ئاشتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بوو. بەشێک لە سەرکەوتنی ئەم ڕێگایە بۆ نیلسون ماندیلا دەگەڕێتەوە کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.
دامەزراندنی (دادگای عەدلی نێودەوڵەتی) و، بڕیاردانی (ڕێکەوتننامەی ڕۆما) لە ساڵی 1998 ویستگەیەکی گرنگی دیکەیە لە کاروانی چەمکی عەدالەتی ڕاگوزاری.
بەپێی ئەم ڕێکەوتنە کە تا ئێستا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مۆری نەکردوە، چوار تاوان دەچێتە بازنەی عەدالەتی نێودەوڵەتییەوە کە بریتین لە : ئیبادەکردنی بە کۆمەڵ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، هێرشکاری، تاوانی شەڕ.
میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی عەدالەتی ڕاگوزاری دوو لایەنی سەرەکی دەگرێتەوە. لایەنی یەکەم بریتییە لە لایەنی نێودەوڵەتی کە پشت بە جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی و ئەو دەزگایانەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیەدا بۆ ئەم مەبەستە دانراون، وەک لێژنەی نێودەوڵەتی عەدالەتی ڕاگوزاری و هەندێ ڕێکخراوی ئینجیئۆی نێودەوڵەتی.
لایەنی دووەم بریتییە لە لایەنی نیشتمانی یان نێوخۆیی کە بەندە بە سیاسەتی حوکمرانی نوێ کە کار بۆ پاکتاوکردنی قۆناغی دیکتاتۆری و گواستنەوە بۆ دیموکراسی دەکات، و ئەم کارەش مەودایەک و ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی نێوخۆیی هەیە کە بێ قەرەبوکردنەوەی قوربانییەکانی قۆناغی دیکتاتۆری و سزادانی تاوانباران چەمکی عەدالەتی ڕاگوزاری نایەتە دی و هەردەم قوربانییەکان و کەسوکاریان هەست بە زوڵمێکی گەورە دەکەن کاتێک تاوانبارەکان بە بەرچاوی خۆیانەوە لە کۆمەڵگادا بێ سزا و بێ لێپرسینەوە دەبینن و لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ و ئەنجامدەرانی تاوان دژ بە گەل هەر وەکو قۆناغی پێشوتر بمێنێت و، تەنانەت هەندێک لەو تاوانبارانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە پشتگیری بکرێت و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزرین.
ئەم ڕەوشەی کە ئاماژەمان پێکرد یەکێکە لە گرفت و کێشەکانی سەرنەکەوتن لە قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزاری لە کوردستان بەتایەتی دوای ڕاپەرینی ئاداری 1991 و لە عێڕاقدا دوای ڕوخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە 2003دا.
لە عێڕاقدا قوربانییەکانی تاوانی ئەنفال و کیمیاباران کە لەلایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە دژ بە گەلی کوردستان ئەنجام درا قەربوو نەکرانەوە و، تاوانبارەکانیش سزا نەدران و دەوڵەتیش داوای لێبوردنی لە گەلی کوردستان نەکرد. ئەوەی زیاتر کە باری کەسوکاری قوربانییەکانی لە کوردستاندا قورستر کرد تاوانی ئەو جاشانەیە کە لە ئەنفالدا بەشدار بوون و بەرپرسن بەرامبەر گرتن و ڕاپیچکردنی هەزاران ژن و منداڵ و بردنیان بۆ دەزگاکانی بەعس کە دواتر لە بیابانەکانی عەرعەر زیندەبەچاڵ کران و هەندێک لەو تاوانبارانەش لە لایەن دەسەڵاتەوە دەپارێزرین.
بەشێَکی دیکە لە نەبوونی عەدالەتی ڕاگوزرای لە عێراقدا لە بابەتی قوربانییەکانی ئێزیدییەکاندا دەردەکوێَت کە هەندێ جار فشار دەخرێتە سەر قوربانییەکان و خێزانەکانیان کە بگەرینەوە بۆ ئەو شوێنانە بژین لە تەک ئەو کۆمەڵە تاوانبارانە کە هاوکاری داعشیان کرد و بوون بە بەشێک لە ئەنجامدانی تاوانەکان و ئەم جگە لە نەبونی عدالەتی ڕاگوزاری سەبارەت بە دۆسیی ئەو ژنانەی کە دەستدرێژی سکسیان لە سەر کرا و ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەی کە بۆیان بەجێما.
بەشێکی دیکەی نەبوونی عەدالەتی کۆمەلایەتی لە دەوڵەتی عێڕاقدا لە ئاشکرانەکردنی ئەو تاوانبارانەدایە کە لە ریزی میلشیایەکاندا لەم چەند ساڵەدا خۆپیشاندەران و چالاکە مەدەنییەکانیان تیرۆرکردوە بێ ئەوەی هیچ لێژنەیەکی بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانە هەبێت.
ئەوەی لە عەدالەتی ڕاگوزاری بە شێوەیکی ئەوپەڕی شێواندنەوە لە کوردستان و عێڕاقدا پەیڕەو کراوە فراوانکردنی کەرتی تایبەتە لە سایەی ئابووری بازاری بەربەڕەڵا بە بیانووی گواستنەوە لە دیکتاتۆرییەوە بەرەو دیمکوکراسی!

دکتۆر کاوە مەحمود

پەیوەندیدار