وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، وەڵامی ئەمریکایان لەبارەی دەقی کۆتایی رەشنووسی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە پێگەیشتووە، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پێشنیازکراوە.
راگەیێندراوەکە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە واشنتن ئاشکرایکرد ئێران دەستبەرداری ژمارەیەک لە داواکارییەکانی بووە بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کارابکرێتەوە، کە لە ساڵی 2018ـەوە، لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، رێککەوتنەکە پەکخراوە.
هەروەها تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە تاران رەخنەی لە ئەمریکا گرت و گوتی، لە وەڵامدانەوەی پێشنیازەکەدا خاوەخاوی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، تاران “ئەم ئێوارەیە لە رێگەی هاوئاهەنگیکاری یەکێتیی ئەوروپاوە، وەڵامی حکومەتی ئەمریکای لەبارەی بۆچوونەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسەر پرسە گرنگەکانی گفتوگۆی لابردنی سزاکان، پێگەیشتووە.” گوتیشی: “پڕۆسەی پێداچوونەوە بە تێڕوانینەکانی ئەمریکا بە هۆشیارییەوە دەستیپێکردووە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە بە هاوئاهەنگیکاری یەکێتیی ئەوروپا دەگەیێنێت دوای ئەوەی کە پێداچوونەوەکەی تەواوکرد.”
ئێران هەفتەی رابردوو بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی دوایین پێشنیازی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەقی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نارد. ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، واشنتن پشتڕاستیکردەوە کە وەڵامەکەی تارانی پێگەیشتووە.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە گوتی: “وەکو خۆتان دەزانن، ئێمە تێبینییەکانی ئێرانمان لەبارەی رەشنووسی کۆتایی پێشنیازکراوی یەکێتیی ئەوروپاوە پێگەیشتووە. پێداچوونەوەی ئێمە بۆ تێبینییەکان تەواو بوو. ئێمە ئەمڕۆ وەڵامی یەکێتیی ئەوروپامان دایەوە.”
رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهان کە پێکدێن لە بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ئەڵمانیا، رووسیا و ئەمریکا، بواری بە لابردنی سزاکانی سەر ئێران دەدا لە بەرامبەر ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات.
رێککەوتنەکە کە بە فەرمی بە “پلانی گشتگیری هاوبەشی هەنگاونان” ناونراوە، بۆ ئەوە بوو تاوەکو رێگەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئێران بگرن، هەرچەندە ئێران بەردەوام نکوڵی کردووە ئەوە ئامانجەکەی بێت.
گەیشتنی وەڵامەکەی ئەمریکا بە ئێران لە کاتێکدایە کە ئیسرائیلی دووژمنی سەرسەختی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر وڵاتە رۆژئاواییەکان زیادکردووە، تاوەکو گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بوەستێنن و هۆشداریشی داوە دژی لێکەوتەکانی گەڕانەوەیە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.
یایر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: “ئەوەی کە ئێستا لەسەر مێزەکەیە، رێککەوتنێکی خراپە. ساڵانە 100 ملیار دۆلار بە ئێران دەدات.”
ئاماژەی بەوەش کرد ئەو پارەیە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، وەکو حەماس، حیزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامی بەکاردەهێنرێت بۆ “بنپێکردنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە سەرانسەری جیهاندا.”