ئەمریکا بۆ ئێران: لە پاراستنی هێزەکانمان سڵ ناکەینەوە

ئێستانیوز-


وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە سووریا دەڵێت: “لە پاراستنی هێزەکانمان سڵ ناکەینەوە” و دەشڵێت، بە کردار و بە رێگەی دیکە هۆشدارییان بە ئێران داوە کە قبووڵ ناکەن “گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە هیچ شوێنێکی جیهان” هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمریکییەکان.

کۆڵن کاڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: “لە بەرگریکردن لە خۆمان سڵ ناکەینەوە. ئێمە بە کردارەکانی دوێنێ شەو و بە شێوازی دیکەش بە ئێرانییەکانمان گوتووە هێرشی ئەو گرووپانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ سەر هێزەکانمان لە هیچ شوێنێکی جیهان قبووڵ ناکەین، بە سووریاشەوە. لە بەرگریکردن لە خۆشمان سڵ ناکەینەوە و رێوشوێنی دیکەی گونجاو دەگرینەبەر.”

گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوەش کرد کە ئامانجیان نەبوو لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کەس بکوژن، بەڵکو ویستوویانە وەڵامەکەیان لە ئاستی ئەو هێرشەدا بێت کە 15ی ئەم مانگە لە سووریا کرایە سەر هێزە ئەمریکییەکان، بۆیە لە کۆی 11 ئامانجی دیاریکراو، 9یان بۆردوومان کردووە، چونکە دووی دیکە بە گوێرەی زانیارییەکانیان، خەڵکی لێ بووە.

بەڵام هۆشداریشیدا کە هەر هێرشێکی دیکە بکرێتە سەر هێزەکانیان، وەڵامیان دەبێت.

هەر رۆژی چوارشەممە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی پێنتاگۆنی کرد و رەتیکردەوە ئەو گرووپە چەکدارانە هیچ پەیوەندیێکیان بە تارانەوە هەبێت.

گوتەکانی کەنعانی چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان لە سووریا دژی ئەو گرووپانە کردووە، کە لە ئێرانەوە نزیکن.

پێش ئەوە، جۆ بۆچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەو هێرشانە کە لە سنووری پارێزگای دێرەزووری دەوڵەمەند بە نەوت کراون، “ژێرخانی ئەو دامەزراوانەی کردە ئامانج کە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکاردەهێنران.”

بۆچینۆ گوتیشی: “ئامانج لەو هێرشە وردپێکێنەرانە بەرگریکردن و پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە لە هێرشەکانی وەکو ئەوانەی 15ی ئاب کە لەلایەن گرووپەکانی پشتیوانیکراوی ئێرانەوە دژی هێزەکانی ئەمریکا کران.”

چەند سەد سەربازێکی ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە رۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون.

بەڵام کەنعانی داوای لە هێزەکانی ئەمریکا کرد بە زووترین کات سووریا جێبێڵن و “کۆتایی بە تاڵانکردنی نەوت و سامانی دانەوێڵەی ئەو وڵاتە بێنن.”

ئەو هێرشانە لە کاتێکدان کە گفتوگۆکانی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتوونەتە قۆناخێکی هەستیار و ئێران و ئەمریکا وەڵامی پێشنیازێکی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەقی کۆتایی رێککەوتننامەکە داوەتەوە و لەم کاتەدا تاران خوێندەوە بۆ تێبینییەکانی ئەمریکا دەکات.

پەیوەندیدار