دادگەى فیدراڵیی عێراق وادەی کۆبوونەوەی لەبارەی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان دیاریکرد

ئێستانیوز-

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رۆژى 30ى ئابى دیاریکرد بۆ دانیشتن لەبارەى سکاڵاى یاسایی رەوتى سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق.

ماڵپەڕى فەرمیى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەو وادەیەى راگەیاندووە کە لەسەر بنەماى سکاڵاى نەسار روبەیعى، ئەمیندارى گشتیى رەوتى سەدرە لە دژى هەریەک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان و مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیران.

لە سکاڵاکەدا داواکراوە کە خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق هەڵبووەشێندرێتەوە و سەرۆککۆمار ناچار بکرێت کە وادەیەک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمان دیاری بکات.

دیاریکردنى رۆژى دانوستاندنى دادگەى باڵاى فیدراڵى لەبارەى سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق لەپاش ئەوە بوو کە لە 10ى ئاب موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر داوای لە لایەنگران و پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانى فراکسیۆنەکەى کرد سکاڵاى یاسایی پێشکێش بە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.

10 مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى رەوتى سەدر و هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، حکومەتى نوێى عێراق پێکنەهێندراوە.

رەوتى سەدر داوادەکات بەبێ کۆبوونەوە پەرلەمانى هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنى پێشوەخت ئەنجامبدرێت، بەڵام چوارچێوەى هاوئاهەنگى جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتى نوێى عێراق پێکبهێندرێت و هەڵبژاردنى پێشوەختە بخرێتە دواى ئەو قۆناخە.

بەگوێرەى کارنامەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، 30ى ئاب چوار سکاڵاى دیکە تاوتوێ دەکرێت کە بەهەمانشێوە داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختیان کردووە.

پەیوەندیدار