سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: دانوستاندنی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران بوەستێنن

ئێستانیوز-

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات دانوستاندنی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران بوەستێنن و  دەڵێت، نوێکردنەوەی رێککەوتننامەکە بەدیهێنانی خواستەکانی ئێرانە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا.

رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە 2015 واژۆکرا، کە ئەو کات باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا بوو. ئامانج لەو رێککەوتننامەیە دانانی سنوورێک بوو بۆ گەشەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام لە 2018، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەکە هێنایە دەرەوە.

دوای هەڵبژاردنی 2020 و دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا، راستەوخۆ دەستی بە هەوڵەکانی بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران کرد. دوای نزیکەی ساڵێک لە گفتوگۆی بێ ئەنجام، نزیکەی مانگێکە دانوستاندن دەستیپێکردووەتەوە و هەردوولا دەڵێن نزیکن لە رێککەوتن.

ئەوەش وایکردووە ئیسرائیل هەست بە ترس بکات لە ئەگەری زیاتر بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا. رۆژی چوارشەممە 24-8-2022، یایر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: “ئێستا رێککەوتنێکی خراپ دەگوزەرێت. ئەم رێککەوتنە وادەکات ئێران ساڵانە 100 ملیار دۆلار پەیدا بکات”.

لاپید ئاماژەشی بەوە داوە، ئێران بەردەوام هاریکاریی حیزبوڵڵا، حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی دەکات، کە دەبنە هۆی تێکچوونی ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و “بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە جیهاندا”.

گوتەکانی یایر لاپید دوای ئەوە هات، رۆژی سێشەممە 23ی ئادار بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، جیاوازییەکانیان لەگەڵ ئێران لە نزمترین ئاستدایە و لە رێککەوتن نزیکن.

یایر لاپید لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “لە چاوی ئێمەوە، رێککەوتننامەکە لە ئاست ئەو بنەمایانەدا نییە کە بایدن دایناون، رێگە لە ئێران ناگرێت بۆ بوونە وڵاتێکی خاوەن ئەتۆم”. گوتیشی، داوای لێیانکردووە دانوستاندنەکان لە خاڵێکدا کۆتایی پێبهێنن و جەختیشی کردەوە ئیسرائیل دژی کاراکردنەوەی رێککەوتنەکەیە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەبارەی رێککەوتنەکەوە کردووە و داوای لێکردوون رێگری لە کاراکردنەوەی بکەن.

پەیوەندیدار