هەدەپە: 8 منداڵ لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا گیانیان لەدەستداوە

ئێستانیوز-


بەرپرسی دۆسیەی منداڵان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشە درۆنەکانی تورکیاوە بۆسەر رۆژئاڤای کوردستان 8 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و 24 منداڵیش برینداربون، جەختیش دەکاتەوە کە سیاسەتی ئێستای پارتی دەسەڵاتداری تورکیا لەسەر توندوتیژی بونیاد نراوە و لە بەرامبەریشدا پارتەکەیان داوای راگرتنی هێرشەکان دەکات.
حسێن کاچماز، ئەندامی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، لە سەرەتای هێرشە درۆنەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤای کوردستانەوە تائێستا هەشت منداڵ گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 24 منداڵیش برینداربون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی هێرشەکان چەندین کەسی دیکەش بونەتە قوربانی، ئەوەش لە ئەنجامی سیاسەتی “ئاکپارتی-مەهەپە بوە کە دژایەتی کوردییان کردوە بەبنەمای هاوپەیمانییەکەیان.”

پەرلەمانتارەکەی هەدەپە دەڵێت، دوای کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی ئێران، روسیا و تورکیا لە تاران، ئەنقەرە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کردوە و بەشێوەیەکی “دوژمنکارانە هێرشەکانی بەردەوام بون، بەجۆرێک ئاکپارتی سیاسەتی دەرەکی خۆی لەسەر توندوتیژی بونیاد ناوە وبەردەوامی خۆیشی لەو سیاسەتەدا دەبینێت، بۆیە منداڵ، گەنج و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بۆیە ئێمە داوا دەکەین ئەو هێرشانە رابگیرێن.”

پەیوەندیدار