بە دەستپێشخەری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، ٦ پارت و ڕێکخراوی سیاسی تورکیا، کە پێکدێن لە ھەدەپە، پارتی ئازادی کۆمەڵایەتی، پارتی بزووتنەوەی ڕەنجدەران، فیدراسیۆنی ئەنجومەنەکانی سۆسیالیست، پارتی کرێکارانی تورکیا و پارتی ڕەنجدەران، ھاوپەیمانێتییەکیان پێکھێنا.
بە بەشداری ھاوسەرۆکانی ھەدەپە، پەروین بوڵدان و میتھات سانجار سەرۆک و نوێنەرانی ئەو ٦ پارتە لە قەزای کادکۆی ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە و دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، ھاوپەیمانێتییەکیان بەناوی ھاوپەیمانی “کار و ئازادی” پێکھێناوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، مانگی ئەیلولی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەری رێکدەخەن و نەخشەڕێگایەک بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی تورکیا دەخەنەڕوو.