بەهۆی كەمبونەوەی ئاوی رووبارەكان، ژمارەیەک کەشتیی سەردەمی هیتلەر دەردەکەون

ژمارەیەک کەشتی، کە سەردەمێک ئەدۆڵف هیتلەر هەڕەشەی داگیرکردنی هەموو ئەوروپای پێدەکردن، لەگەڵ وشکبوونی درێژترین رووباری ئەوروپا، رۆژ دوای رۆژ پارچە تێکشکاوەکانیان دەردەکەون.

رووباری دانووب بە 10 وڵاتی ئەوروپیدا تێدەپەڕێت، دابەزینی ئاستی ئاوەکەی لە رۆمانیا زۆر روونتر دەبیندرێت.

کاپتن رادۆی لیلی دۆرێل، سەرۆکی ئۆفیسی بەندەری زیمنیسیا دەڵێت، “رووباری دانووب ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە. لە کیلۆمەتری 563یەم تاوەکو 565ـەم لم دەرکەوتووە، لەوێ کەشتی بە نۆرە تێدەپەڕن.”

وشکەساڵی کەموێنەی ئەوروپا کە 100 ساڵە رووینەداوە، 20 کەشتیی جەنگیی نازییەکانی ئەڵمانیای لە رووباری دانووب دەرخستووە.

لە ساڵی 1944 سەدان کەشتیی جەنگی نازییەکان لەگەڵ پێشڕەویی یەکێتیی سۆڤیەت ژێرئاوکەوتن. هێشتا بەشی زۆریان چەک و تەقەمەنییان تێدایە، بەڵام جارێ سەرنجە گەورەکە لەسەر وشکبوونی رووباری دانووبە.

مارسیل، هاووڵاتی رۆمانی ئاماژە بەوە دەکات، “لە ژیانی خۆمدا رووباری دانووبم وەکو ئەمساڵ بە وشکی نەبینیوە. زۆر دابەزیوە. منداڵ بووم جارێک کەمیکردبوو، بەڵام بەم شێوەیە نەبوو. وشکەساڵییەکە زۆر دژوارە.”

رووباری دانووب دووەم درێژترین رووباری ئەوروپایە، درێژییەکەی 2850 کیلۆمەترە. بە 10 وڵات و چوار گەورە پایتەختی ئەوروپادا تێدەپەڕێت. ئێستا بەهۆی وشکەساڵییەوە کە زاناکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوای دەگەڕێننەوە، 150 سانتیمەتر ئاوەکەی دابەزیوە، بە جۆرێک کە لە هەندێک ناوچەدا کەشتییە زەبەلاحەکان دەبێت بە نۆرە تێپەڕن.

پەیوەندیدار