وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی شەش رۆژدا دوو هەزار و 383 کۆچبەریان بۆ وڵاتەکانیان ناردووەتەوە و دەشڵێت، نزیکەی 200 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەمساڵدا هەوڵیانداوە روو لەو وڵاتە بکەن.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا بڵاویکردەوە، ڕێگری کراوە لە چوونە ناوەوەی چوار هەزار و 27 کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەیان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەنها لە ماوەی شەش رۆژیشدا دوو هەزار و 383 کۆچبەری نایاساییان بۆ وڵاتەکانیان ناردووەتەوە، کە هەزار و 282 کۆچبەریان بەرەگەز ئەفغانی بوون و 244 ی تریان هاوڵاتی پاکستانی بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێستا لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی 17 هەزار کۆچبەری تر بۆ وڵاتەکانیان.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا تەنها لەمساڵدا زیاتر لە 200 هەزار کۆچبەر بەڕێگەی نایاسایی هەوڵیانداوە بچنە ناوخاکی تورکیا.