دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ لەبارەی سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە پەیوەندیدارە بە ناردنی 200 ملیار دیناری شایستەی مانگی یەکی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، 200 ملیار دینارەکە بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت نەک بودجەی 2021، بۆیە پێشبینی دەکات دادگە سکاڵاکە رەتبکاتەوە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە دادگەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 28/8/2022، سەبارەت بە سکاڵاکە کۆببێتەوە کە مستەفا جەبار سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دژی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆماری کردووە.
مستەفا جەبار سەنەد لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات کە بریتین لە بڕیاری ژمارە 8ی ساڵی 2022، لەگەڵ بڕیارەکانی ژمارە 401، 257، 226 و 194ی ساڵی 2021 تایبەت بە پێدانی پارە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ دانەوەی شایستە و دابینکردنی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2022ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەم سکاڵایە، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “هۆکاری ئەوەی سکاڵاکە دژی ناردنی شایستە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە؛ ئەوەیە کە سکاڵاکار دەڵێت، لە مانگی یەکی ئەمساڵ یاسای بودجەی 2021 بەسەرچووە، بۆیە نابێت حکومەتی عێراق لە ساڵی نوێدا شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت”.
د. جەمال کۆچەر گوتیشی: “بەڵام ئەم بیانووە راست نییە، چونکە ناردنی 200 ملیار دینارەکە بەپێی یاسای بودجەی 2021 رەوانە ناکرێت، بەڵکو بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێشبینی دەکەم دادگە سکاڵاکە رەتبکاتەوە”.
لە رێکەوتی 18/7/2022 دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی رەتکردەوە کە لە لایەن کەسێک بەناوی جەواد عەبدولکازم عەلوان تۆمارکرابوو، تێیدا تانەی لە ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دابوو.