شەڕ و ئاڵۆزی لە لیبیا بەردەوامە و ژمارەی قوربانیان بۆ 143 كەس بەرزبووەتەوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان دوو بەرەی حکومەتی لیبیا لە تەرابلوس لانیکەم بۆ 23 کەس بەرزبووەوە. جگە لەوەش زیان بەر شەش نەخۆشخانە کەوتووە و ترس لە سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی نوێی نێوخۆ لە وڵاتەکەدا بەدیدەکرێت.

رۆژی شەممە، 27ـی ئابی 2022 تەقەکردن و ژمارەیەک تەقینەوە چەند ناوچەیەکی پایتەختی لیبیایان گرتەوە و دووکەڵ لە باڵەخانەکان بەرزبووەوە، بەڵام تاوەکو شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە دۆخەکە تۆزێک ئارامبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

بەگوێرەی دوایین ئامار کە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، لانیکەم 23 کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژی شەممەوە گیانیان لەدەستداوە و 140 کەسی دیکەش بریندار بوونە.

پێشتریش وەزارەتەکە رایگەیاندبوو کە شەش نەخۆشخانە بەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان کەوتوون و ئەمبوڵانسەکانیش توانای ئەوەیان نەبوو بە ئاسانی بچنە ئەو شوێنانەی کە شەڕیان تێدا روویداوە.

شەڕەکە لەنێوان دوو ئیدارەی حکومەتی دژبەری یەکدی روویدا؛ حکومەتی عەبدولحەمید دبەیدیبە، کە لە پایتەختە و حکومەتی فەتحی باشاغا کە لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیە. هەردووکیشیان یەکدی بە ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە تۆمەتبار دەکەن.

شەڕەکە وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەر هێڵ. نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد هەرچی زووە گرژییەکان کپ بکرێنەوە و شوێنی سڤیلنشین تۆپباران نەکرێن.

لای خۆشییەوە، ریچارد نۆرلاند، باڵیۆزی ئەمریکا لە لیبیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە واشنتن سەرکۆنەی هەڵکشانی گرژییەکان دەکات و داوای ئاگربەستی “دەستبەجێ”ی کرد. هاوکات داواشی کرد بە نێوەندگریی نەتەوە یەکگرتووەکان هەردوولا دانوستاندن بکەن.

هەردوو حکومەتەکە کێن؟

رۆژی شەممە، عەبدولحەمید دبەیدیبە، سەرۆکی حکومەتەکەی تەرابلوس گرتە ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ژمارەیەک پاسەوان دەورەیان داوە و سڵاو بۆ ئەو چەکدارانە دەنێرێت کە شەڕ لەپێناویدا دەکەن.

دبەیدیبە کە سەرکردایەتیی “حکومەتی یەکێتیی نیشتیمانی” دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە پێکدادانەکانی رۆژی شەممە دوای ئەوە هاتوون کە “دانوستاندنەکانی رۆژئاوای تەرابلوس بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، شکستیان هێناوە”.

حکومەتەکەی دبەیدیبە، کە وەکو بەشێکی پڕۆسەی ئاشتی بە سەرکردایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، لە لایەن حکومەتەکەی فەتحی باشاغای وەزیری پێشووی نێوخۆی وڵاتەکە دژایەتی دەکرێت.

هەرچی باشاغایە، کە لە لایەن پەرلەمانی لیبیا و گرووپە چەکدارەکانی خەلیفە حەفتەر لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە پشتگیری دەکرێت، پێیوایە کە ماوەی حکومڕانیی حکومەتی یەکێتیی نیشتیمانی بەکۆتا هاتووە.

خەلیفە حەفتەر، سیاسەتڤانێکی ئەمریکی-لیبییە و فەرماندەی سوپای نیشتیمانیی لیبیایە کە بنکەکەی لە شاری تۆبروکە. لە ساڵی 2015 دا وەکو فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هاوسۆزی پەرلەمانی لیبیا دەستنیشانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا باشاغا نەیتوانیوە دەست بەسەر حکومەتی تەرابلوسدا بگرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دبێبە دەڵێت، دەسەڵات تەنیا رادەستی حکومەتێکی هەڵبژێردراو دەکات.

حکومەتەکەی دبەیدیبە، باشاغا بەوە تۆمەتبار دەکات کە “هەڕەشەی ئەوە دەکات بە زەبری هێز دەسەڵاتی تەرابلوس بگرێتە دەست”.

حکومەتی یەکێتیی نیشتیمانیی دبەیدیبە پێشتر ئاماژەی بەوەکرد کە دانوستاندنەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێک لە کۆتایی ئەمساڵدا بکرێت و کێشەی سیاسیی وڵاتەکە بەهۆیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت: “باشاغا لە دانوستاندنەکان کشاوەتەوە”.

هەرچی باشاغایە، ئەو تۆمەتانە و بەڕێوەچوونی دانوستاندنی لەو شێوەیەش لە رابردوودا رەتدەکاتەوە و دبەیدیبە بە بەڕێوەبردنی “حکومەتێکی ناشەرعی” تۆمەتبار دەکات، کە وەکو خۆی دەڵێت “خۆی بە دەسەڵاتەوە لکاندووە”.

ئێوارەی رۆژی شەممە، میدیای وڵاتەکە بڵاوی کردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە باشاغا کە لە شاری میسراتەی رۆژهەڵاتی تەرابلوس چووبوونە نێو پایتەختەوە، کشاونەتەوە.

شەڕی نێو شار

عیمادەدین بادی، توێژەر لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی کە بنکەی سەرەکیی لە واشنتن دیسیی ئەمریکایە، هۆشداری ئەوە دەدات لە هەرکاتێکدا دەکرێت گرژییەکان هەڵکشان بەخۆوە ببینن.

عیمادەدەدین دەشڵێت: “شەڕی نێوشار لۆژیکی تایبەت بەخۆی هەیە. زیانی بۆ ژێرخانی سڤیل و خەڵکیش هەیە. تەنانەت ئەگەر درێژەش نەکێشێت، ئەم شەڕە زۆر وێرانکەر دەبێت، هەروەکو چۆن بینیومانە.” ئاماژە بەوەش دەکات شەڕەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەرەی حەفتەر و ئەو هێزانەی لێیەوە نزیکن.

باشاغا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەلایەن پەرلەمانەوە بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دیاریکرا. پەرلەمانێک کە لە ساڵی 2014 دا هەڵبژێردراوە و دەکەوێتە شاری تۆبروکی رۆژهەڵاتی لیبیا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە حکومڕانییەکەی بەسەر تەرابلوسی پایتەختدا بسەپێنێت.

باشاغا بەشێوەیەکی سەرەکی بەکارهێنانی تووندوتیژیی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە “دەتوانێت هێز بگەڕێنێتەوە” دەستی خۆی.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا باشاغا داوای لە “پیاوە بە شکۆکانی لیبیا” کرد بۆ ئەوەی چیدی پاڵپشتی لە حکومەتە “ناشەرعییەکەی” دبەیدیبە نەکەن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت بەهۆی پێکدادانەکانی مانگی تەممووزی نێوان هەردوولا لە تەرابلوسی پایتەخت، لانیکەم 16 کەس کوژران، کە یەكێکیان منداڵ بوو. ئەوەش بووە خوێناویترین تووندوتیژی لە پایتەخت روویدابێت، لەدوای هەوڵە شکستخواردووەکەی حەفتەر بۆ گرتنەوەی دەسەڵات بە زەبری هێز لە ساڵی 2019 و 2020 دا.

پەیوەندیدار