لافاو لە بەشێک لە شار و ناوچەکانی پاکستان هەموو شتێکی راماڵیوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەشێوەیەک تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا 119 کەس گیانیان لەدەستداوە و بارانی بەلێزمەش لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بەردەوامیی هەیە.
عەبد عەلی، زیانبەرکەوتووی لافاوەکەی پاکستان دەڵێت، “بە کرێکاری و رەنجبەری تاوەکو توانیم ئەم خانووە دروستبکەم، شەو و رۆژ کارم دەکرد، نووستنیشم لەسەر دانابوو، هێشتا قەرزەکەیشم نەداوەتەوە.”
لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە، بەهۆی باوبۆران، لافاوێکی بەهێز پاکستانی گرتووەتەوە. بە گوێرەی حکومەتی ئەو وڵاتە، تاوەکو ئێستا هەزار و 33 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.
لە کۆی 220 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە، لافاوەکە کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 33 ملیۆن کەس لەو وڵاتە جێهێشتووە، کە دەکاتە 15%ی دانیشتووان؛ نزیکەی یەک ملیۆن خانووش زیانیان بەرکەوتووە. نزیکەی 3.5 هەزار کیلۆمەتر رێگەوبان زیانیان بەرکەوتووە و لانیکەم 130 پرد رووخاون.
بەهۆی کاریگەرییەکانی لافاوەکەشەوە 184 هەزار کەس گوێزراونەتەوە بۆ کەمپەکان.
مێرا بوخس خەڵکی شاری دێرەڵڵا یاری پارێزگای بەلوچستانی پاکستانە، توانیویەتی لەکاتی لافاوەکە هەندێک کەلوپەلی ماڵەکەی بە سەلامەتی دەربکات.
مێرا بوخس، هاووڵاتیی پاکستانی کە بەهۆی لافاوەوە ئاوارە بووە دەڵێت، “ماڵەکەم ئاو بردی. یەک رووپیەم نییە دروستی بکەمەوە. نانێکم دەستناکەوێت، چۆن خانووەکەم دروستبکەمەوە؟”
حکومەتی پاکستان باری نائاسایی راگەیاندووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە یارمەتیی وڵاتە کەمداهاتەکەی بکات. داخرانی رێگەوبانەکانیش بەهۆی لافاوەکەوە وایکردووە خۆراک بە فرۆشگەکان نەگات، سەرەنجام نرخەکان زیاتر بەرزبوونەتەوە، لە وڵاتێکدا کە 37.9%ی خەڵکەکەی هەژارن و رۆژانە بە زەحمەت سێ دۆلاریان دەستدەکەوێت.