هەولێر.. ھەڵمەتێک بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوە ئاوییەکان دەستپێدەكات

بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن و پێشگیریکردن لە دروستبوونی لافاو و کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێر هەڵمەتێکی یەک مانگەیان راگەیاند.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ وەرزی بارانبارین زووتر دەستپێبکات و بارانبارینیش زۆر ببێت، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێر هەڵمەتێکی یەک مانگە رادەگەیێنن، بە مەبەستی خۆئامادەکردن و پێشگیریکردن لە دروستبوونی لافاو و کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو.”

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، ئەو هەڵمەتەی ئەمڕۆ رادەگەیێندرێت “ماوەی مانگێک دەخایێنێت، بە چوار قۆناخ لەڕێگەی هەر شەش شارەوانییەکانی شاری هەولێرەوە جێبەجێ دەکرێت بۆ کردنەوەی مەنهۆڵەکان و رێڕەوە سرووشتییەکان لە دەرەوەی شار.”

هەڵمەتەکە نێو بازاڕ و گەڕەکە میللییەکان دەگرێتەوە، لەوبارەیەوە ئومێد خۆشناو گوتی، “بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کە پار ساڵ کراوە، بازاڕە میللییەکان، مێز و عارەبانە و کاری خەڵک بەشێکیان هۆکار بوون لەوەی ئاو کۆببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە چەند رێکارێک دەگیرێنەبەر کە ئەمەش رەنگە ناڕەزایەتیی ئەو خەڵکانەی لێ بکەوێتەوە، بەڵام سەلامەتیی خەڵک لای ئێمە لە هەمووی گرنگترە.”

لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە ئیدارییانەی لە شاری هەولێر دەکرێن، پارێزگاری هەولێر ئەوەی خستەڕوو، “گۆڕانکاریی ئیداری کارێکی زۆر سرووشتییە لەناو حکومەتدا، پرۆسەیەکی بەردەوامە. لە هەر جێگەیەک هەست بە کێشە و کەمتەرخەمییەک بکرێت، بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت. لە هەر شوێنێکیشدا کەسێکی سەرکەوتوو هەبێت کارەکانی بە باشی کردبێت، رەنگە جێگەی دیکەی پێ بسپێردرێت. واتە گۆڕانکارییەکان گشتگیر نین، لە هەر جێگەیەک پێویست بکات گۆڕانکاری دەکرێت.”

بە گوتەی ئومێد خۆشناو، لەو 900 هەزار لیترەی رۆژانە لەڕێگەی پاڵاوگەی لانازەوە دابین دەکرێت، “کوالێتییەکەی زۆر باشە، ئۆکتانی سەرووی 90ـە، لە هەموو بەنزینخانەیەکیش فەرمانبەرێکی نەوت و کانزاکانی هەولێر دادەنرێت بۆئەوەی چاودێریی کوالێتییەکەی بکرێت. ئەگەر هاتوو ئەو بەنزینە 800 دینارییە خواستی زۆری لەسەربێت، پلانی Bمان هەیە، دەیکەینەوە بە تاک و جووت.”

سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی لە وەرزی زستان، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، “ئامادەکارییەکی باش کراوە، وەزارەتی سامانە سوروشتییەکان خەریکی داڕشتنی پلانێکن بۆ ئەو مەبەستە. هیوادارین پلانەکە زووتر جێبەجێ بکرێت و نەکەوینە دوای مانگی 10.”

پەیوەندیدار