ئەمریكا راگەیەنراوێكی بە پەلەی لە بارەی ڕەوشی عێراق بڵاوكردەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی گرژییەکانی عێراق دەکات و داوا لە هەموو لایەنێک دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و بەدوای رێگەی چارەسەردا بگەڕێن.

ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری دۆخی عێراقن و گوتی، ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە دەیانبیستن “بێزارکەرن”.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، ئاگاداری لەکارخستنی دامەزراوەکانی حکومەتن و “ئەوەش مەترسیی تووندوتیژی زیاددەکات”؛ ئاماژەی بەوەش کرد: “نابێت ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق بخرێتە مەترسییەوە.”

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی ئاماژەی بەوە کە ئاگاداری ئەوەن گرژییەکان قوربانییان لێکەوتووەتەوە و لەو بارەیەوە گوتی، وەکو ئەمریکا “بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانی تووندوتیژی سەرکۆنە دەکەین”.

رۆژی دووشەممە، 29-8-2022 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، واز لە کاری سیاسی دەهێنێت، دوای ئەوەش لایەنگرانی بەلێشاو چوونە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و “لابردنی گەندەڵکارانیان” دەکرد.

لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە خۆپێشاندەران چوونە سەر بەشێک لە کۆشکەکانی ناوچەی سەوز، پاشان لە کۆشکی حکومەت هێزێکی ئەمنی بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد و رووبەڕووبوونەوە روویدا کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانی کەم 15 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 300 خۆپێشاندەریش برینداربوون.

ڤێدانت پاتێڵ گوتیشی، ئێستا کاتی دانوستاندنە و “هانی هەموو ئەو لایەنانە دەدەین کە پەیوەندییان بە دۆخەکەوە هەیە دان بەخۆیاندا بگرن”.

لەبارەی خۆپیشداندانیشەوە، پاتێل ئاماژەی بەوە کرد کە خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی بنچینەیی دیموکراسییەتە، بەڵام داواشی لە خۆپێشاندەران کرد رێز لە موڵک و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق بگرن.

دەقی گوتەکانی ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:

“هەواڵەکان لەبارەی گرژیی سەرتاسەریی عێراق بێزارکەرن، لەکاتێکدا رێگە بە دامەزراوەکانی عێراق نادرێت کار بکەن. ئەمەش مەترسیی تووندوتیژی زیاد دەکات. نابێت ئاسایش، سەقامگیریی و سەروەریی عێراق بخرێتە مەترسییەوە. ئێمە ئاگاداری هەواڵی هەڵکشانی گرژییەکان و لێکەوتنەوەی قوربانیانین و بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی تووندوتیژی سەرکۆنە دەکەین. ئێستا کاتی دانوستاندنە و هەموو ئەو لایەنانە هاندەدەین کە پەیوەندییان بە دۆخەکەوە هەیە بۆ ئەوەی دان بەخۆیاندا بگرن و بەدوای رێگەی چارەسەردا بگەڕێن. مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە بنەمایەیکی بنچینەیی دیموکراسییەتە، بەڵام دەبێت خۆپێشاندەران رێز لە موڵک و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق بگرن کە هەر موڵکی خەڵکی عێراقن و خزمەت بەوان دەکەن.”

پەیوەندیدار