تاوتوێكردنی سكاڵاكانی رەوتی سەدر لە دادگای فیدراڵی دواخرا

تاوتوێکردنی سکاڵاکانی رەوتی سەدر لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە دواخرا کە بڕیار بوو ئەمڕۆ 30ی ئاب لەوبارەیەوە کۆببێتەوە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئابی 2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی 16 سکاڵا بکات کە 15 یان لە لایەن رەوتی سەدرەوە پێشکێش کرابوون بۆ پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ کرایە پشووی فەرمی لە سەرانسەریی عێراق، ئەو سکاڵایانە تاوتوێ ناکرێن.

لەو 15 سکاڵایە (14)یان لە لایەن لایەنگرانی رەوتی سەدر پێشکێشکراون، یەکێکیان لە لایەن نەسار روبەیعی، ئەمنیداری گشتیی رەوتەکە تۆمار کراوە.

سکاڵاکان لەدژی هەریەک لە سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە لایەن سەرۆککۆمارەوە کراوە.

رۆژی 29ی ئابی 2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی زۆریی سکاڵاکان، بڕیاردراوە کە بەبێ ئامادەبوونی سکاڵاکاران لە هۆڵی تایبەتی دادگا تاوتوێی سکاڵاکان بکات.

پەیوەندیدار