فەرەنسا داوای ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادانەكانی عێراق دەكات

حکومەتی فەرەنسا نیگەرانی خۆی لە رووداوەکانی رۆژی دووشەممەی بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باشووری عێراق دەربڕی کە بە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، سەبارەت بە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی رۆژی دووشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆ بگرن و دەستبەجێ ئەو شەڕ و پێکدادانە بوەستێنن.

لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بانگهێشتی سەرجەم سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەکات پابەندبوونی خۆیان دووپاتبکەنەوە بۆ دەستووری عێراق و کار بۆ پاراستنی دامودەزگە عێراقییەکان بکەن، کە دەبێت بەبێ بەربەست و ئاڵانگاریی کار بکەن.

هەروەها فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە هەموو ئەکتەرە سیاسییەکانی عێراق بەشداری دیالۆگێکی راستەقینەی نیشتمانی و بونیادنەرانە بکەن کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت، تاوەکو ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش بەدەستبهێنرێت.

بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژی دووشەممەی عێراق، حکومەتی عێراقی پشووی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە موقتەدا سەدر، وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسی راگەیاند، دوای ئەوەش لایەنگرانی رەوتەکە بە لێشاو روویان کردە ناوچەی سەوز و هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێکردن و دواتریش شەڕ و پێکدادان دروست بوو کە بووە هۆی کوشتن و برینداربوونی بە دەیان کەس.

پەیوەندیدار