نوری مالیکی: فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی هەن دۆخە خوێناوییەکە دەجووڵێنن

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند، هێز ناتوانێت دۆخێکی سیاسی بسەپێنێت و ئەوانی دیکە ناچار بکات بە ئاراستەکەیدا بڕۆن. دەشڵێت، ئەوەشی جەنگ هەڵدەگیرسێنێت، ناتوانێت رایبگرێت یان ئاراستەکەی کۆنترۆڵ بکات، “بەڵکو فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دۆخە خوێناوییەکە دەجووڵێنن یان دەیوەستێنن.”

دوای کشانەوەی خۆپێشاندەران و مانگرتووان و چەکدارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان و ناوچەی سەوز لە بەغدا، لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ سێشەممە 30/8/2022، راگەیێندراوێکی بۆ گەلی عێراق و سەرۆکانی سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەندامانی لایەنە نیشتمانییەکانی عێراق بڵاوکردەوە.

مالیکی لە ناوەڕۆکی راگەیێندراوەکەیدا کە خاڵبەندیی کردووە، دەڵێت: “هێز ناتوانێت دۆخێکی سیاسی بسەپێنێت و ئەوانی دیکە ناچار بکات بە ئاراستەکەیدا بڕۆن”.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەشڵێت: “ئەوەی جەنگ هەڵدەگیرسێنێت، ناتوانێت رایبگرێت یان ئاراستەکەی کۆنترۆڵ بکات، تەنانەت ئەو بەرهەمەکەشی نادوورێتەوە، بەڵکو فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی هەن کە دۆخە خوێناوییەکە دەجووڵێنن یان دەیوەستێنن”.

نووری مالیکی ئاماژەش دەکات: “هەمووان بەڵێنیان داوە سیستمی سیاسی بپارێزن و لە ژێر چەتری دەستوور و یاسادا کار بکەن، بۆیە دەبێت هەر هەڵسوکەوتێکی هەڵە لە هەر لایەنێکمان بێت سەرکۆنە بکەین، بەبێ ستایشکردن و درۆ”.

مالیکی هەروەها باس لەوەش دەکات کە دەزگا یاساییەکانی دەوڵەت بەپێی یاسا پارێزبەندییەکی تەواویان هەیە، “بۆیە دەستدرێژیکردنە سەریان گەورەترین تاوانە و لەباربردن و تێکدانی ژیانی سیاسییە، هاوکات زێدەڕۆییە بۆ سەر دیموکراسی”.

پەیوەندیدار