لە بەسرە شەڕ لە نێوان عەسائیب و سەرایا سەلام روویدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی وردەکاریەکەی ئاشکرادەکات

لە درەنگانی شەوی رابردوەوە، جارێکی دیکە دۆخی ئەمنی پارێزگای بەسڕە تێکچوەتەوە و چەند جارێک دەنگی تەقە بیستراوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقیش رایگەیاند، ئەوەی رویداوە تەنها حاڵەتێکی کوشتن بوە و لەئێستادا دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

میدیا عەرەبییەکان، شەوی رابردو لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسرەوە بڵاویانکردەوە،”دو بەرپرسی هێزەکانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر لە پارێزگاکە کوژراون، دواتریش هێزە ئەمنی و چەکدارییەکان بە شەقامەکانی پارێزگاکەدا بڵاوبونەتەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا رویداوە”.

ئاشکراشیانکردوە،”شەڕەکە لەنێوان چەکدارانی سەرای سەلام و چەکدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق رویداوە، دواتر هێزێکی زۆری سوپا بڵاوەیپێکراوە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە”.

هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لەبارەی ئەو زانیاریانەی لەبەشێک لە میدیاکان بڵاوکرانەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا هاتوە،”بەشێک لە میدیاکان زانیاری دژ بەیەک لەبارەی دروستبونی روداوێکی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە بڵاودەکەنەوە، ئەوەی رویداوە روداوێکی کوشتن بوە لەناو سەنتەری پارێزگاکەدا، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک گومانلێکراویان دەستگیرکردوە، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردوە، دۆخی ئەمنی شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیانپێکراوە و بارودۆخ هێمن بوەتەوە”.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی دوشەممە لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە شاری بەغدا لە شاری بەسرەش دەستیپێکرد و لەئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتی شارەکە کوژران و برینداربون.

پەیوەندیدار