پۆلیسی کەنەدا بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویکردەوە، لە دو هێرشی جیاوازدا بۆسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبون لە پارێزگای ساسکاچوانی باشوری وڵاتەکەیان 10 کەس بە چەقۆ کوژران و لانیکەم 15 کەسی دیکەش برینداربون، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش رایگەیاند، لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.
جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە لە پەیامێکدا هەواڵی هێرشێکی بۆسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبون لە باشوری وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، “هێرشەکان تۆقێنەر و دڵتەزێن بون، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین”.
پۆلیسی کەنەداش لەبارەی روداوەکە دەڵێت، هێرشەکان لەلایەن دو کەسەوە لەناوچەکانی جەیمس سمیس کری نەیشن و گوندی وێڵدۆن ئەنجام دراون، تائێستاش هەردو تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەردو تۆمەتبارەکە هێشتا لە شاری ڕیجینانن کە دوایینجار لەو شارەدا بینراون، بۆیە داوا لە دانیشتوانی شارەکە دەکات پەیڕەوی لە ئاگادارکردنەوەکان بکەن و ئەگەر زانیارییان لەبارەی تۆمەتبارەکانەوە هەبو، پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.
پۆلیسی کەنەدا ئەوەشی خستوەتەڕو، تۆمەتبارەکان بریتین لە دامیان ساندەرسۆن تەمەن 31 ساڵ و مایڵز ساندەرسۆن تەمەن 30 ساڵ، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردودا “رێکخراوی وەستاندنی تاوانەکانی ساسکاچوان لیستێکی داواکراوانی بڵاوکردەوە کە مایڵزی لەخۆگرتبو، ئەو کاتیش باسی لەوەکردبو ناوبراو بە شێوەیەکی نایاسایی ئازادکراوە”.