نوێنەری نۆ حیزبی سیاسی لە شاری خانەقین کۆدەبنەوە؛ بەرپرسی لقی گەرمیانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، ئامانجیان هەنگاونانە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە خانەقین.
رۆژی دووشەممە 5-9-2022، گۆران رەحیم، بەرپرسی لقی گەرمیانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و کەمیی خزمەتگوزاری لە شاری خانەقین.
بە گوتەی گۆران رەحیم، لە کۆبوونەوەکەدا نۆ حیزبی کوردستانی بەشداری دەکەن؛ گوتیشی: “ئامانجی کۆبوونەوەکە هەنگاونانە بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشە ئەمنی و خزمەتگوزارییانەی لە خانەقین و دەورووبەری هەن.”
حیزبە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بریتین لە: پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و سۆسیالسیت دیموکراتی کوردستان.
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لە شاری خانەقین کەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری کراوە و بەهۆی هەبوونی ناوچەی بۆشایی ئەمنیش لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، چەندین گوندی سنوورەکە لە دانیشتووانەکەی چۆڵکراون.