ئەمڕۆ شاژنە ئێلیزابێسی دووەم ترەس بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕادەسپێرێت

ئەمڕۆ دوو کەس دەچنە بەردەم شاژنە ئێلیزابێسی دووەم؛ یەکێکیان لەبەردەم شاژن دەست لە پۆستی سەرۆکوەزیران دەکێشێتەوە و ئەوی دیکەش لەلایەن شاژنەوە پۆستی سەرۆکوەزیران وەردەگرێت.

دوای ئەوەی لیز ترەس رێژەی 57.4%ی دەنگی ئەندامانی پارتەکەی بەدەستهێنا و بەسەر ریشی سوناکی رکابەریدا سەرکەوت و وەکو سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا. ئەمڕۆ ترەس سەردانی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم، شاژنی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەکات بۆئەوەی لەوێوە رابسپێردرێت تاوەکو حکومەتی نوێی بەریتانیا پێکبهێنێت و ببێتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەمەش، شوێنی بۆریس جۆنسن دەگرێتەوە.

لە باری ئاساییدا، شاژن لە کۆشکی بەکینگهامی نێوەڕاستی لەندەن یانیش قەڵای ویندسۆری رۆژئاوای لەندەن پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی نوێ دەکات بۆئەوەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی بەریتانیا رایبسپێرێت.

بەڵام لەبەر تەندروستیی شاژنە تەمەن 96 ساڵەکە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 70 ساڵەی حکومڕانییدا لە کۆشکی بالمۆڕاڵ لە سکۆتلاند پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات؛ بەوەش نەریتێکی لەمێژینەی حکومڕانیی شانشینەکە دەشكێنێت.

ئەمڕۆ کاتژمێر 11:20 خولەک بە کاتی لەندەن [ کاتژمێر 1:20 بە کاتی هەولێر] بۆریس جۆنسن لە کۆشکی بالمۆراڵ سەردانی شاژن دەکات و لەوێ بە شێوەیەکی فەرمی دەست لە کار دەکێشێتەوە. دواتر پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ شاژن دەکات کە لیز ترەسە.

کاتژمێر 12:10 بە کاتی لەندەن [14:10 بەکاتی هەولێر] لیز ترەس لە کۆشکی بالمۆڕاڵ سەردانی شاژن دەکات. دواتر شاژنە ئێلیزابێسی دووەم داوا لە ترەس دەکات بۆئەوەی حکومەتی نوێی بەریتانیا پێکبێنێت.

ترەس دەبێتە 56ـەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ هاوکات دەبێتە 15ـەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەسەر دەستی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رادەسپێردرێت. یەکەم سەرۆکوەزیران کە شاژنە ئێلیزابێسی دووەم رایسپارد، وینستن چەرچڵ بوو لە ساڵی 1951.

لیز ترەس پشتگیریی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا دەکات


سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر کۆچبەر هەیە و چەند مانگی پێشوو وەکو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پشتگیری خۆی لە ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا دەربڕی.

لیز ترەس، ئەو کەسەی رۆژی دووشەممە بووە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و چاوەڕوان دەکرێت بەمزووانەش ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر کۆچبەری هەیە و لە دوو مانگی رابردوویشدا چەندجارێک رایگەیاندووە، دەبێت پلانی حکومەتەکەی جۆنسن بۆ ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا جێبەجێ بکرێت.

لیز ترەس وەکو وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، “بە تەواوی پشتگیریی پلانی رواندا دەکەم و پێشتر کارم لەسەر کردووە. دەمەوێت ناردنی پەناخوازان بۆ وڵاتانی دیکەش زیاد بکەم. ئەوە چارەسەرێکی دروستە، چونکە دەبێتە رێگەچارەیەک بۆ پەناخوازان تاوەکو بتوانن لە شوێنێک بن کە کاریان دەستبکەوێت. کێشەی ئێمە دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپایە کە دژی بڕیارەکەی بەریتانیا دەوەستێتەوە. من رووبەڕووی کێشەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا دەبمەوە و کارێک دەکەم کە نەتوانن دەستوەربدەنە کارەکانی بەریتانیا.”

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی فەرەنسا، لە ساڵی 2021دا 104,577 کۆچبەر چوونەتە نێو فەرەنسا. لەو ژمارەیەش 28 هەزار کەسیان چوون بۆ بەریتانیا. لە 8 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 26 هەزار پەناخواز گەیشتوونەتە نێو بەریتانیا؛ ژمارەیەکی بەرچاویشیان خەڵکی ئێران، عێراق و سووریا بوون.

تێچووی بەرگریی سنوورەکانی بەریتانیا 3.4 ملیار پاوەند بووە لە ساڵی 2020دا. ترەس لە دوو مانگی رابردووی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، ئەگەر ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵاتەکەی، بودجەی تایبەت بە بەهێزکردنی سنوورەکانی بەریتانیا بەراورد بە ئێستای 20% زیاد دەکات و ئامانجی سەرەکییش لەو کارەی ئەوەیە رێگری لە چوونی کۆچبەران بۆ نێو وڵاتەکەی بکات.

راپرسییەک: نیوەی بەریتانییەکان هیوایان بە سەرکردایەتیی لیز ترەس نییە


بەگوێرەی راپرسییەک کە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی لیز ترەس، وەکو سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ئەنجامدراوە، خەڵکی بەریتانیا دەڵێن بە سەرۆکوەزیرانی داهاتوویان گەشبین نین.

راپرسییەکە لەلایەن پێگەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی داتا و شیکاریی یوگۆڤ-ەوە ئەنجامدراوە، 50%ی بەشداربووانی راپرسییەکە دەڵێن، بە بوونی ترەس بە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، کەم تا زۆر، تووشی بێهیوایی بوون، لەنێویدا 33%یان “زۆر بێهیوا بوون.”

هاوکات 22%ی دیکەی بەشداربووانی راپرسییەکە پێیان باشە یاخود بە هیوان کە ترەس وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا ئابووریی وڵات دەگۆڕێت.

41%ی دەنگدەرانی پارتی پارێزگاران پێیان باشە کە ترەس دەبێتە سەرۆکوەزیران؛ هاوکات 34%ی دەنگدەرانی پارتەکەی دەڵێن، بێهیوا بوون دوای ئەوەی زانییان ترەس دەبێتە سەرۆکوەزیران.

کەمیی پەرۆشیی بەریتانییەکان و بێهیوابوونیان، وەکو پێگەی یوگۆڤ بە پشتبەستن بە راپرسییەکەی باسی دەکات، دەکرێت بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە “بەریتانییەکان متمانەی کەمیان بە حکومەتی داهاتووی ترەس هەیە لەوەی بتوانێت سیاسەت و پلانی دروست پەیڕەو بکات بۆئەوەی تێچووی ژیان کەم بکاتەوە.”

لە راپرسیی دوای هەڵبژاردنی ترەس بە سەرۆکی پارتی پارێزگاراندا، پرسیارێکی دیکە لە بەریتانییەکان و دەنگدەرانی پارتی پارێزگاران کراوە کە “تاوەکو چەند متمانەیان بە حکومەتی ترەس هەیە کە بتوانێت سیاسەت و پلانی دروست پەیڕەو بکات بۆئەوەی تێچووی ژیان کەمبکاتەوە؟” لە وەڵامدا دوو لەسەر سێی بەریتانییەکان کە دەکاتە 67%یان دەڵێن، متمانەیان بە حکومەتەکەی ترەس نییە بیرۆکەی دروستی هەبێت بۆئەوەی تێچووی ژیان کەم بکاتەوە، لەنێویدا 38%یان بە هیچ شێوەیەک متمانەیان بە حکومەتەکەی ترەس نییە.

تەنیا 19%ی بەریتانییەکان دەڵێن متمانەیان بە توانای ئیدارەی ترەس هەیە بەوەی بتوانێت کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکات؛ لەنێو ئەوانەشدا تەنیا 2%یان دەڵێن کە “زۆر متمانەیان” بە ترەس و حکومەتی داهاتوو هەیە.

لەنێو دەنگدەرانی پارتی پارێزگارانیشدا، تەنیا 35%یان دەڵێن، متمانەیان بە سەرکردە نوێیەکەیان هەیە لەوەی بتوانێت کێشەکانی وڵاتەکەی چارەسەر بکات. هاوکات 54%یشیان دەڵێن کەم تا زۆر، هیچ متمانەیان بە ترەس و حکومەتی داهاتووش نییە.

پرسیارێکی دیکە لە بەریتانییەکان و دەنگدەرانی پارتی پارێزگاران کراوە بەوەی “ئایا پێتوایە کە ترەس سەرۆکوەزیرانێکی باشتر یان خراپتر دەبێت بەراورد بە بۆریس جۆنسن؟” لە وەڵامدا 40%ی بەریتانییەکان پێیانوایە سیاسەت و شێوازی حکومڕانیی لیز ترەس هاوشێوەی بۆریس جۆنسن دەبێت کاتێک دەبێتە سەرۆکوەزیران؛ 27%یشیان پێیانوایە کە لە بۆریس جۆنسن “خراپتر” دەبێت و 14%یش پێیانوایە سیاسەتێکی باشتر لەوەی بۆریس جۆنسن پەیڕەو دەکات.

دەنگدەرانی پارتی پارێزگارانیش، 34%یان پێیانوایە ترەس لە بۆریس جۆنسن خراپتر دەبێت و 17%یان پێیانوایە باشتر دەبێت؛ هاوکات 31%ی دەنگدەرانی پارتی پارێزگارانیش پێیانوایە کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ سیاسەت و حکومڕانیی بۆریس جۆنسن نابێت.

رۆژی دووشەممە، 5ی ئەیلوولی 2022 لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوای سەرکەوتنەکەی بەسەر ریشی سوناکی، وەزیری پێشووی دارایی رکابەریدا، بە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی حکومڕانی بەریتانیا هەڵبژێردرا.

لیز ترەس توانیی 81 هەزار و 326 دەنگی ئەندامانی پارتەکەی، واتە 57.4%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و لە بەرامبەریشدا، ریشی سوناک 60 هەزار و 399 دەنگ، کە دەکاتە 42.6%ی دەنگەکان.

وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەلایەن لیز ترەسەوە لە کاتێکدایە کە بەریتانیا تووشی هەڵئاوسانێک بووە کە لە 40 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، بە جۆرێک لە مانگی ئابدا رێژەکە 10%ی تێپەڕکرد. بەگوێرەی بانکی گۆڵدمان ساچسی ئەمریکی – نێودەوڵەتی، ئەگەر بێتو بەهای گاز وەکو خۆی بە بەرزی بمێنێتەوە، لە ساڵی داهاتوودا رێژەی هەڵئاوسان لە بەریتانیا دەگاتە 22.4%.

پەیوەندیدار