لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، پێشوازیان لەشاندێكی حزبەكانی كلدان ئاشور سریان كردو لەمەڕ بابەتی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن و كورسی كۆتاكان گفتوگۆیان كرد.
لە ڕۆژی 5 ئەیلولی 2022، لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان پێشوازیان لە نوێنەرانی حزبەكانی پێكهاتەی كلدان ئاشور سریان كرد كە پێك هاتبوون لە (بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوری ، حزبی ئەبناو نەهرین، حزبی یەكێتی بێت نەهرەینی نیشتمانی و حزبی نیشتمانی ئاشوری)، لەكۆبوونەوەكەدا، شاندی میوان بابەتی یاسای هەڵبژاردن و مافی پێكهاتەكان بەگشتیو بەتایبەتی پێكهاتەی كلدان ئاشور سریان ، چۆنیەتی دەنگدان بۆ كورسی كۆتاكان ، كرد.
شاندی میوان، بۆچوونی لایەنەكانییان خستە روو كەبەهیچ شێوەیەك حزبەكانی پێكهاتەی كلدان ئاشور سریان نابێت ببێتە بەشێك لەململانێی سیاسی نێوان حزبەكانی كوردستانی و بەمافی خۆیان دەزانن داكۆكی لەمافی گەلی خۆیان بكەنو داوا بكەن كە دەنگدان بۆ كورسی كۆتای پێكهاتەی(مەسیحی) لەسەر بنەمای دەنگدانی تەنها خۆیان بێت، بۆئەوەی هەركێیەك براوە بێت نوێنەرایەتی راستەقینەی میللەتەكەیان بكات، ئەمەو داوای هاوبەشی و بەشداری راستەقینە دەكەن لەهەموو دامو دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك میللەتێكی رەسەنی كوردستان.
ئەمەو هاوڕێیانی سكرتێری حزبەكانی زەحمەتكێشان و شیوعی و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، پێشوازییان لەبیرۆكەی ئەم لایەنانە كرد و بۆچوونی خۆیان خستەروو ، كەتێڕوانینی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی راستەقینە و دیموكراسیەتدا بینا دەكەن، كە كورسی كۆتا وەك پاڵپشتی و جیاكاری پۆزەتیڤە و دەبێت ئەمە بپارێزرێت لەیاسای هەڵبژاردنی كوردستان و هەروەها بۆ دەنگدان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە پێكهاتەكانی كوردستان دەنگ بۆ كۆتاكانی خۆیان بدەن و هەموو لایەنە سیاسیەكانیش مافی خۆیانە لەكۆبوونەوەو دەزگاكان بەشدار بن و بەتایبەتی لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان ، كەئێستا ماوەی بەسەرچووەو كەموكوڕی زۆری تێدایە لەنوێنەرایەتی راستەقینەی هەموو حزب و لایەنە سیاسی و پێكهاتەكان.ئەمەو پاڵپشتی خۆیان بۆ داواكاری پێكهاتەكان دەربڕی نوێنەرایەتی راستەقینە بكرێن.
لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان پێك دێت لە حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەویە دیموكراتی گەلی كوردستان ، ناوەندێكە هەوڵی كۆكردنەوەو یەكخستنی بۆچوونی حزب و لایەنە چەپەكانی كوردستان دەدات لەمەڕ هەموو رووداو پێشهاتو بارودۆخ بەگشتی لەكوردستان و عێراق.