لە زاخۆ زیاتر لە 150 كەس بەهۆی خۆراكی چێشتخانەیەك ژەهراوی بوون

بەهۆی خواردنی چێشتخانەیەك لە زاخۆ، زیاتر لە 150 كەس ژەهراوی بوون و تەندروستی شارەكەش داوا دەكات هەركەس لە 24 كاتژمێری رابردودا لەو چێشتخانەیە نانی خواردووە سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتن بكات.
بەپێی زانیاریەكان، رۆژی چوارشەممە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بەهۆی ژەهراوی بوونەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون، دواتر دەركەوتووە كە ئەو كەسانە سەرجەمیان لە چێشتخانەیەك نانیان خواردووە كە 24 كاتژمێر كراوەیە.
هەر بەپێی ئەو زانیاریانە، تاوەكو ئێستا 150 كەس سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە كە ژەهراوی بوون، بەشێك لەو كەسانەش بە دێلیڤەری داوای خواردنیان كردووە و بەشێكیان چوونەتە چێشتخانەكە، بۆیە ئەگەری هەیە ژمارەی ئەوانەی ژەهراوی بوون زیاد بكات.
یەكێك لەو كەسانەی توشبووە رایگەیاندووە، لەو خواردنگەیە لەگەڵ براكەی برنج و مریشك و سەوزەیان خواردووە، هەرچەند دیاربوو كە خواردنەكە پاك نەبوو بەڵام لەسەر كاربوون و برسی بوون، بۆیە ناچار خواردوویانە، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك تووشی سكچوون و ئازارێكی زۆر بوون.
لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زاخۆ داوای لە هاوڵاتیان كردووە، هەركەس لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردودا لەو چێشتخانەیە نانی خواردووە، سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتن بكات.

پەیوەندیدار