بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی: مانگی رابردوو 24 منداڵ گیانیان لەدەستداوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرای كرد، لە مانگی رابردودا 2 هەزار و 531 منداڵ لە نەخۆشخانە داخڵ كراون و 24 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە ئامارێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە 1/8 بۆ 31/8/2022 لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی مناڵانی فێركاری، 13 هەزار و 327 منداڵی نەخۆش لەهەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و ئێوارانی بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەكە بینراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
ئەوەش هاتووە، لەو ژمارەیەش 2 هەزار و 531 منداڵ داخڵ كراون، هەروەها 359 منداڵ لەبەشی نەبەكام و 235 منداڵ لەبەشی بەدخۆراكی و 119 منداڵ لەبەشی تیشك و دەمار بینراون و 404 حاڵەتی هەناسەتوندی، 24 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆماركراون.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەر لەو مانگەدا 15 هەزار و 456 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 331 پشكنینی گەشەی هۆڕمۆن و 381 سۆنەر و 81 ئیكۆ و 13 نازوڕ ئەنجام دراون.

پەیوەندیدار