ئاژانسی ئەوروپا بۆ مافی پەنابەرێتی ڕایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا داواکردنی مافی پەنابەری، بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ، لە بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زیادیکردووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ھەمان ماوەدا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا داواکردنی مافی پەنابەرێتی بەڕێژەی لە ٦٨% لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زیادیکردووە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە لەو ماوەیەدا داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە گەیشتووەتە ٤٠٦ ھەزار داواکاری.
ئاشکراشیکردووە، لەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە، ھاوڵاتی سوری بە پلەی یەکەم دێن و پاشان ھاوڵاتیانی ڤەنزویلا و کۆلۆمبیا و پاکستان و دواتریش دانیشتووانی تورکیان.
ئاژانسەکە دەڵێت، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا نزیکەی ١٢ ھەزار ھاوڵاتی ئۆکراین داواکاریان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی پێشکەش بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کردووە.