عێراق لە لیستی وڵاتە مەترسیدارەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە ھێنرایە دەرەوە

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گرتوویانەتەبەر لە دژی ھەوڵەکانی سپیکردنەوەی پارە، یەکێتی ئەوروپا، عێراقی لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان لەو بوارەدا ھێناوەتە دەرەوە.

ئەنجومەنی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە بانکی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عێراق ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ھەماھەنگیکردن لەگەڵ گروپی کاری دارایی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بۆ ھەڵسەنگاندنی کارە بانکییەکانی لە بواری ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆمەککردنی تیرۆر لەلایەن گروپەکەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەماھەنگی و ھەڵسەنگاندنەکان بۆ بەدواچوونە، بۆ ئەوەی بزانرێت تا چ ئاستێک عێراق پابەندبووە بە بنەماکانی ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی بانکەکانەوە.

ھەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، دوای تەواوکردنی ھەموو ڕێوشوێنەکانی چاودێری و ھەڵسەنگاندنی ھاوبەش، کە لە ساڵی ٢٠١٢وە لەسەر سیستمی بانکی عێراق پیادە دەکرێت، بەشێوەیەکی ڕەسمی عێراق لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە ھێنراوەتە دەرەوە.

پەیوەندیدار