موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی نوێی ١٠ خاڵی ئاراستەی شوێنکەوتوان و لایەنگرانی کرد بە بۆنەی بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حوسێنی کوڕی عەلی پێشەوای سێیەمی شیعەکان. لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “نە کفن ببۆشن، نە بە ناشیرینی مامەڵە لەگەڵ گەشتیارانی ئێرانی بکەن نە چەکيش هەڵگرن”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، موقتەدا سەدر رێبەر رەوتی سەدر لە تویتەر نوێترین پەیامی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لەلایەنگران و بەشداربوانی رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حوسێن دەکات کە:
١- نابێت بەشداربوان ئاڵای هیچ گروپ و لایەن و سەربازی هەڵبەگرن.
٢- نابێت وێنەی هیچ کەسایەتییەک بەرزبکەنەوە.
٣- نابێت بەهیچ شێوەیەک زیارەتکاران کفن بپۆشن یان هەر بەرگێک بپۆشن جیایان بکاتەوە لە زیارەتکارانی دیکە.
٤- جگە لە زیکر و ناوهێنانی خودا و باسی حوسەین نابێت هیچ شتێکی تر بڵێن و ناوی کەسی دیکە نەهێنن.
٥- پێویستە پابەندی ئارامگرتن و ژیری و رەوشت بەرزی بن و هەرکەسێک لەدەرەوەی ئەم رێنماییان رەفتار بکات ئەوا هێزە ئەمنییەکان رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر.
٦- بەهەموو شێوەیەک تۆمەت بەخشینەوە بەرامبەران لەوەی بەعسی بوون یان بەتیرۆرست یان بە میلیشیا وەسف کردنی بەرامبەر بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٧- بەهەموو شێوەیەک هێرشکردنە سەر زیارەتکارانی دەرەوەی عێراق بەگشتی و ئێرانییەکان بەتایبەتی قەدەغەیە جا بەدەستبێت یان بە دەم یان بەهەر هۆکار و شێوازێکی دیکەبێت.
٨- بەهەموو شێوەیەک هەڵگرتنی چەکد قەدەغەیە، بەڵکو تەنانەت هەر ئامێرێکی بڕندە و بریندارکار هەڵگرتنیان حەرامە.
٩- پێویستە بە بەرزترین شێوەی هاوکاری یارمەتی هێزە ئەمنییەکان بدرێت لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا بەتایبەتی تر لە شاری کەربەلا.
١٠- پێویستە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سەرایا سەلام لە کەربەلا دوربخرێنەوە، ئەمە کارێکی پێویستە و دەبێت بکرێت بە ئامانجی رێگری کردن لەهەر رووداوێکی نەخوازراو کە ئەنجامەکەی قورسبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەدر دەڵێت، هەرکەسێک سەرپێچی لەم رێنماییانە بکات ئەوا ئەوان لێی بێبەری دەبن.