ئەمڕۆ دادگای ئەنقەرە لە بارەی دۆسیەی موسا عەنتەر كۆدەبێتەوە

لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەی سەرەکیی ژیتەم کە تایبەتە بە تیرۆرکردنی موسا ،عەنتەر نووسەر و رۆشنبیری نێوداری کورد، بەڕێوەدەچێت.

دانیشتنەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئەیلوولی 2022 لە شەشەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە دەستپێدەکات.

ئەگەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگادا بڕیارێک لەبارەی تاوانبارانی دۆسیەی تیرۆرکردنی موسا عەنتەر دەرنەکرێت، ئەوا رۆژی 30ی ئەیلوولی 2022، واتە دوای 15 رۆژی دیکە بەهۆی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکەی دادەخرێت.

موسا عەنتەر رۆژی 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکرا، ماوەی 30 ساڵە ئەو دۆسیەیە لە دادگا بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام تۆمەتباران نەدراونەتە دادگە و سزا نەدراون.

تاکە هۆکاری بێ ئەنجام مانەوەی دۆسیەکە ئەوەیە، گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیراوە، کە لە دۆسیەی کوژرانی موسا عەنتەردا دادگایی دەکرێت و ماوەی چەند ساڵێکە لە سوێد نیشتەجێیە.

فیلیز کەرەسەتەجیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئەنقەرە، رۆژی چوارشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2021 لە نووسراوێکدا، کە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیای کرد، داوایکرد عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی ئەوکاتەی تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە و روونی بکاتەوە کە بۆچی لە 2018 بە شێوەیەکی نووسراو، گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیرا.

عەبدولقادر ئایگان لە ساڵانی 1975 – 1985دا ئەندامی پەکەکە بوو. دوای جیابوونەوەی لە پەکەکە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بووە ئەندامی رێکخراوی “هێزەکانی جەندرمە و هەواڵگریی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” ناسراو بە ژیتەم، کە رێکخراوێکی نهێنیی دەوڵەت بوو، بەڵام دواتر وەکو شایەتحاڵ لەبارەی تاوانە بکەرنادیارەکان کە لە هەشتاكان و نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا لە باکووری کوردستاندا لەلایەن ژیتەم کران، کۆمەڵێك زانیاریی ئاشکرا کرد.

موسا عەنتەر ناسراو بە ئاپێ موسا، لە ساڵی 1920 لە گوندی “زڤنگێ” سەر بە شارۆچکەی “نوسێبین” لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکرا.

ئۆرهان میرئۆغڵو، نووسەر و رۆژنامەڤانی کورد پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لەو کاتەدا لەگەڵ موسا عەنتەردا بوو، لە رووداوەکەدا بریندار بوو.

پەیوەندیدار