داواكارییەكەی كوڕی وەزیری پێشمەرگە ڕەتكرایەوە

دەستەی وەبەرهێنان داواكاری كوڕی وەزیری پێشمەرگەی رەتكردەوە، كە داوای كردبوو ئەو پارچە زەوییەی وەریگرتووە بۆ دروستكردنی ریستۆرانت و كافتریا، بیكات بە یەكەی نیشتەجێبوون.

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، دوای بەدواداچون، داواكەی سان شۆڕش ئیسماعیل رەتكرایەوە بۆ ئەوەی 4 هەزار و 690 مەتر زەوی بكاتە شوقەی نیشتەجێبون، داوایانكردووە زەویەكە وەربگیرێتەوە و بە كێبڕكێ بفرۆشرێت و پارەكەی تەرخان بكرێت بۆ پێداویستی نەخۆشخانەی هیوا.

لە وەڵامی دەستەی وەبەرهێناندا بۆ خاوەنی زەوییەكە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتییان رەزامەند نییە لە هەر گۆڕانكارییەك لە پێكهاتە و چالاكی پرۆژەكەیان، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ پرۆژەكەیان دەكرێت.

ئەو پارچە زەوییە كە دراوە بە كوڕی وەزیری پێشمەرگە لەماوەی رابردوودا هەرای نایەوە و قسە و باسی زۆری لەسەر كرا و داوا دەكرێت لێی بسەندرێتەوە، زەوییەكەشی بە بیانووی دروستكردنی كافتریا و ریستۆرانتەوە وەرگرتووە، بەڵام دواتر داوای كردووە رەزامەندی بدرێت بیگۆڕێت بە شوقەی نیشتەجێبوون.

پەیوەندیدار