راوێژكارێكی كازمی: تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ 25 تریلیۆن دینار زیادەمان دەبێت

هه‌یسه‌م جبوری راوێژكاری ته‌كنیكی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا زیاده‌ی دارایی وڵات ده‌گاته‌ 25 ترلیۆن دینار، به‌هۆی گۆڕینی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دیناریش، رێژه‌ی هه‌ڵاوسان 10 هێنده‌ به‌رزبوه‌ته‌وه‌.

هه‌یسه‌م جبوری له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، گه‌شه‌ی ئابوری عێراق ده‌رئه‌نجامی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو روی له‌زیادبون كردوه‌، به‌جۆرێك داهاتی زیاده‌ی وڵات تا كۆتایی ئه‌مساڵ ده‌گاته‌ 25 ترلیۆن دینار.

وتیشی، “بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌ بێتوانایی و نه‌بونی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ره‌وه‌، ناردنی پڕۆژه‌ و یاساكانی بۆ په‌رله‌مان به‌تایبه‌ت پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی دواخستوه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌توانێت یاسایه‌كی فریاگوزاری په‌سه‌ند بكات، هاوشێوه‌ی ئاسایشی خۆراك، له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت بودجه‌ی 2023 په‌سه‌ند بكرێت”.

باسی له‌وه‌شكرد، “ساڵی رابردو 10 ترلیۆن دیناری عێراقیمان له‌ داهاتی نا نه‌وتیدا به‌ده‌ستهێنا، به‌پێی چه‌ند خه‌مڵاندنێكیش داهاتی گومرگه‌كان چوار هێنده‌ی ئه‌و داهاته‌یه‌ كه‌ ئێستا ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی وڵات”.

هه‌یسه‌م جبوری سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانگرێته‌وه‌، وتی، “نۆ ملیۆن كه‌س چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانگرێته‌وه‌، واته‌ تا یه‌ك ملیۆن و 800 هه‌زار خێزان”.

له‌باره‌ی هه‌ڵاوسانی داراییه‌وه‌، راوێژكاره‌كه‌ی كازمی باسی له‌وه‌كرد، “گۆڕانكاری له‌ نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسانی به‌رزكردوه‌ته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان 11 هێنده‌ زیادیكردوه‌”.

پەیوەندیدار