كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان: لە خۆپێشاندانەكەی سەقز كوژراو و بریندار هەن

لە خۆپیشاندانەكانی شاری سەقز كە دوای كوشتنی كچێكی كورد دروستبوو، كوژراو و بریندار هەیە و بەپێی زانیاریەكانیش، دەیان كەس دەستگیر كراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشكرای كردووە، خۆپیشاندانەكانی شاری سەقز لە دوێنێ شەممەوە بەردەوامە و هێزە ئەمنییەكان بە گولـلە و غازی فرمێسكڕێژەوە روبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەشەوە كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە.

رونیشكراوەتەوە، هەروەها تاوەكو ئێستا دەیان كەس لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی خۆپیشاندانەوە دەستگیر كراون، داوا لە كەسوكاری “ژینا ئەمینی”یش كراوە كە دەبێت بەبێ‌ ئامادەبوونی راگەیاندنەكان تەرمەكەی بنێژن.

دوای ئەوەی كچێكی كوردی شاری سەقز بەناوی “ژینا ئەمینی” كە تەمەنی 22 ساڵ بوو لەگەڵ خێزانەكەیدا سەردانی شاری تارانیان كردبوو، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە بەبیانووی ئەوەی جلەكانی باڵاپۆش نییە دەستگیر كرا و ئازار درا، بەهۆی ئەوەشەوە بارودۆخی تەندروستی تێكچوو و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

گیانلەدەستدانی ژینا لە لەسەرتاسەری ئێران و جیهانیشدا هەرای نایەوە و ژمارەیەكی زۆر هونەرمەند و كەسایەتی دیاری ئێران قسەیان لەسەر كرد و دژی ئەو كارە وەستانەوە، هەروەها ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و چەندین رێكخراو و لایەنی تری جیهانی بەتوندی ئیدانەیان كرد.

پەیوەندیدار