لە هەولێر سێ‌ كەس بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر رایگەیاند، سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.

رۆژی یەکشەممە 18-9-2022، بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان بڵاویکردەوە: “هێزەکانی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران سەربە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە شاری هەولێر توانییان سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (ز.س – د.ع – ل.ج) دەستگیربکەن”.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستگیراوە بەسەر بڕی (250) گرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ و “هەر سێ تۆمەتباریش بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانن و دەستیان هەبووە لە کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر”.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 999 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ دەستیش بەسەر 132 کیلۆ و 729 گرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە.

تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەگوێرەی یاسای ماددە هۆشبەرەکان، رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.

پەیوەندیدار