پڕۆژەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە هەرێمى کوردستان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش لەبارەى قیستى مانگانەى یەکەکان هەواڵى دڵخۆشکەر رادەگەیەنێت.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێکردن، لە هەولێر دەستیان پێکردووە و وەبەرهێنەر و زەوی دەسنیشان کراوە و نرخ و قیستی یەکەکان دیارکراون.
راشیگەیاند: “هەفتەی داهاتوو لە هەولێر گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەر واژۆ دەکرێت و لە سلێمانیش خەریکی دابینکردنی زەویین، لیژنەیەک لە پارێزگا پێکهێنراوە”.
وتیشى، سەرجەم فەرمانگە و ئیدارە سەربەخۆکانیان ئاگادار کردونەتەوە پەلە بکەن لە دەستنیشانکردنی زەوی و وەبەرهێنەرەکان و بڕی پارەی پێشەکی و قیستی مانگانەی یەکەکانیش کەمە، هەروەها ماوەکەی درێژخایەنە و 15 ساڵە.
بڕیارە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست بکرێن، هاوڵاتیانیش بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە لە رێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی ناوی خۆیان تۆمار کردووە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونیش دەڵێت: یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان دەدرێت بەو کەسانەی پێشتر سوودمەند نەبون.