باجی هەرێم: باج وەرگرتن لە هەرێم لە چاو وڵاتانی دیكەدا زۆر نییە

عەلی عەبدولڕەحمان جێگری بەڕێوەبەری گشتی باجی هەرێم رایگەیاند، باجدان ئەركێكی نیشتیمانییە، باج وەرگرتن لە هەرێم لە چاو وڵاتانی تردا هێندە زۆر نییە، پێویستە مەلاكان لە مزگەوتەكانەوە بە هاوڵاتیان بڵێن باج بدەن.
عەلی عەبدولڕەحمان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هاوڵاتییان دەبێت لە پێویستی پێدانی باج بە حكومەت تێبگەن، باج وەرگرتن لە هەرێم لە چاو وڵاتانی تردا هێندە زۆر نییە، بەپێویستیشی زانی ” مەلاكان لە مزگەوتەكانەوە بە هاوڵاتیان بڵێن باج بدەن”.
رونیشیكردوەتەوە، لە ئێستادا 2 ملیۆن و 600 هەزار كەس لە هەرێم باج دەدەن و داهاتی ساڵانەی باجی هەرێم نزیكەی 800 ملیار دینارە، لە هەوڵدان داهاتی باج بگاتە زیاتر لە ترلیۆنێك دینار.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی باجی هەرێم باسی لەوەشكردوە، بارگرانیان نەخستووەتەسەر شانی خەڵك و لێخۆشبونیان بۆ ئەو كەسانە كردوە كە باج دوادەخەن، هاوڵاتی هەیە سێ ئیشی هەیە یەك دینار باج نادات بە حكومەت، هەركەسێكیش یاخی بێت باج نەدات رێكاری توند بەرامبەری دەگیرێتەبەر و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
لێدوانەكانی ئەو پەربرسەی هەرێم لە كاتێكدایە، پێشتر كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی ڕایگەیاندبوو، یان نابێت داوا لە هاوڵاتییان بكرێت پابەندییە داراییەكان بگێڕنەوە، یان دەبێت پاشكەوتی مووچە بگێڕدرێتەوە بۆ مووچەخۆران، دەشڵێت،”بڕی مووچەی پاشەكەوتكراوی هاووڵاتییان لای حكومەت زیاترە لە 10 ملیار دینار”.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی ئاشكرایكردبوو، پابەندییە داراییەكانی حكومەتی هەرێم، كە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێنكراون، كەمووچەی پاشەكەوتكراوی هاووڵاتییان لای حكومەتی هەرێم 10 ملیار و 395 ملیۆن و 170 دینار و بەڵێندەران (بودجەی تەشغیلی) 535 هەزار و 247 ملیۆن دۆلار و بەڵێندەران بودجەی وەبەرهێنان 80 ملیار و 535 ملۆین دینارە.
لە ماوەكانی ڕابردوو بە پڕۆژە یاسا داوامان كردووە، كە دەبێت بڕی پاشەوكەوتی مووچەی فەرمانبەران بە یاسا جێگیر بكرێت، هاوتەریب، پڕۆژەیەكیان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بتوانن، بەشێوەی خواست، بەشێك لە مووچە پاشەكەوتكراوەكانییان بەریەكبخەن.
هاوكات چەند جۆرێك دیكەی پابەندی هەیە، كە لە كاتێكی دیكەدا ئاماژەیان پێدەكەین، لەگەڵ ئەوەدا هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بڕی نزیكەی یەك ملیار دۆلار پابەندی داراییان لەسەرە- بەشێكی ئەمە بۆ كارەبایە، كە لە باشترین كاتدا ناگاتە (١٤) كاتژمێر.
ئەو پەڕلەمانتارە باسی لەوەشكردووە، كە بەشەكەی دیكەی لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لێبڕینی لێدەكرێت واتا حكومەتی هەرێم پارە لە هاوولاتییان وەردەگرێتەوە بەشێوەیەكی پابەندی، بەڵام ئامادە نەبووە پارەی پاشەكەوتكراو و لێبڕینی مووچە بگێڕێتەوە بۆ مووچە خۆران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، حكومەت پابەندە بەداناوەی ئەم قەرزانە و ئەمە مافی هاووڵاتییانی هەرێمە لەسەر حكومەت و بەپێچەوانەوە هەر قسەیەكی دیكە لەسەر ئەم بابەتە لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانە.
ئاشكراشیكردووە، كە حكومەت یان نابێت، چاوەڕوان بێت هیچ كەسێك پارەی ئاو، و كارەبا، و پابەندە داراییەكانی دیكە بگێڕێتەوە، یان دەبێت بێتە ژێرباری گێڕانەوە و بریەكخستنی مووچە بە نایاسای لێبڕدراو و پاشكەوتكراوەكانی مووچە خۆران.

پەیوەندیدار