رێکخراوی ھەنگاو: تائێستا لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان چوار خۆپیشاندەر کوژراون

دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی شاری سەقز، دوای مانگرتنی سەرتاسەری لە سەرجەم شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەردەوامە و تائێستاش چوار خۆپیشاندەر کوژراون و ٧٥ی دیکەش برینداربوون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤی بڵاویکردەوە، لە سەقز زۆرترین قوربانی بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە تۆمارکراوە، کە دوو کوژراو و ١٧ بریندارن، ھاوکات لە دیواندرەش دوو کوژراو و ١٥ بریندار و لە مەھابادیش ١٥ بریندار و لە ھەریەک لە شارەکانی بیجاڕ و بۆکان حەوت و لە ھەریەک لە قورە و کامێران دوو بریندار تۆمارکراون، ھاوکات لە شارەکانی بانە و تیکاب چوار خۆپیشاندەر برینداربوون.

بەپێی ئامارەکەی ھەنگاو، کۆی گشتی ئاماری کوژراوان و برینداران لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان تائێستا گەیشتووەتە چوار کوژراو و ٧٥ بریندار.

لە دوێنێوە مانگرتنی سەرتاسەری لە سەرجەم شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیپێکردووە و سەرجەم بازاڕ و دوکانەکان داخراون.

ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە سەردانێکی خێزانیدا بۆ تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستگیرکرا و رۆژی ھەینی گیانی لەدەستدا، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

پەیوەندیدار